گۆڕان لەبارەی بینینی نوێنەرەکەی بارزانییەوە بە فەرمی بڕیار دەدات

بەرپرسی میدیایی گۆڕان ڕایگەیاند تا ئێستا بە فەرمی ئاگادار نەکراوینەتەوە لە سەردانی فوئاد حسێن و دوای ئاگادارکردنەوە بڕیار دەدەین چۆن بیبینین و کێ بیبینێت یاخود هەر نەیبینین.

عەبدولڕەزاق شەریف، بەرپرسی میدیایی بزووتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێکیدا بۆ سپی میدیا، ڕایگەیاند " تا ئێستا بە فەرمی ئاگادار نەکراوینەتەوە لە سەردانی فوئاد حسێن و دوای ئاگادارکردنەوە بڕیار دەدەین چۆن بیبینین و کێ بیبینێت یاخود هەر نەیبینین و ئەوەی تا ئێستا دەوترێت لە لایەن هەڵسوڕاوانی گۆڕانەوە لە میدیاکاندا گوزارشت لە هەڵوێستی فەرمی بزووتنەوەکە ناکات".

هاوکات بەیانی ئەمڕۆ عەدنان عوسمان، ئەندامی پێشووی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکی بۆ کەناڵی ڕووداو ڕایگەیاند "قەناعەتیان بەو سەردانەی فواد حسێن نییە و لەو باوەڕەدا نین و هیچ گرێ کوێرەیەک ناکاتەوە".

هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە فوئاد حسێن وەک نوێنەری بارزانی لەسەرۆکی هەرێم سەردانی گۆڕان دەکات ئەمەش لە کاتێکدا دێت کە کێشەی سەرەکی لە کوردستان لەسەر پۆستی سەرۆکی هەرێمە و وتی "دەبوایە وەفدێکی پارتی بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی یاخود فازڵ میرانی و مەکتەبی سیاسیی بهاتنایە".



AM:11:46:20/07/2016