پارتی لێکۆڵینەوە لە "تیرۆر"کردنی رۆژنامەنوسەکەی دهۆک دەکات

پاش كوژرانی رۆژنامەنوسێكی گەنج لە شاری دهۆك فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا رایدەگەیەنێت لەمبارەوە لێكۆڵینەوە دەكرێت‌و رای گشتیش لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە ئاگادار دەكاتەوە.

ئەمڕۆ یەک شەممە محەمەد عەلی یاسین وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی تیرۆرکردنی رۆژنامەنوسی شاری دهۆک (وەدات حسێن) بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە '' هاوخەمی بۆ خانەوادە و هاوڕێکانی ویدات حوسێن، هاونیشتمانی گەنجی شاری دهۆک دەردەبڕین، ئەو حاڵەتە بە حاڵەتێكی نا تەندروست و مەترسیدار دەزانین و پاڵپشتی تەواوی رێكارە یاساییەكان دەبین، بۆ دۆزینەوەی بكوژانی و بەسزا گەیاندنیان".

هەر لەو بەیاننامەیەی فراکسیۆنی پارتیدا ئاماژە بەوەکراوە کە لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکان لە پەیوەندیدا بوون و رایدەگەیەنێت کە پاش تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، رای گشتی لەتەواوی کەیسەکە ئاگادار دەکرێنەوە.



PM:02:33:14/08/2016