عەبدوڵای كوێخا موبارەك: ناوەندی بڕیار گرنگ‌و پێویستە

عەبدوڵای كوێخا موبارەك، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بەهۆی چەندین هۆكار پێیوایە ناوەندی بڕیار بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان گرنگ‌و پێویستە.

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی لەنوسێنێكدا دەنوسێت "هەرچەندە کێشەیەکی نێو خۆی یەکێتیە، بەڵام بمانەوێ و نەمانەوێ بەرۆکی ئێمەی گۆڕانیش دەگرێتەوە، بە حوکمی  ئەم خاڵانە:
۱-بونی ڕێککەوتنی سیاسی و سەرکردایەتی هاوبەش.
۲-بونی هەردوو لا لە سنورێکدا کە هەر کێشەیەک لە ناو یەکێتی یان گۆڕان ئەبێتە هۆی نائارامی و دڵە ڕاوکێ بۆ سنورەکە و جەماوەری هەردوو لامان.
۳-بونی کێشە و ناکۆکیەکی زۆر لە ناو دام و دەزگا حکومیەکان، هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکان بەهۆی ململانێکانی ئەم دوو باڵە و بڕیارە خۆ سەپێن و هەرزەیەکانی باڵی دەست ڕۆیشتوی یەکێتی".

هەروەها دەنوسێت "بۆیە بونی ناوەندی بڕیار گرنگ و پێویستە بۆ یەکێتی، بەڵام بە شێوەیەک ئەندامانی ناوەندی بڕیار پێک بێت لە هەردوو باڵەکە بە ڕێژەی یەکسان و هەروها چەند ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی بێ لایەنیشیان لەگەڵدا بێت، بۆ ئەوەی لە کاتی بڕیاردان ئەندامە بێ لایەنەکان بتوانن تای تەرازوی ئەو لایە قورس بکەن کە بڕیارەکەی لە خزمەتی خەڵکی کوردستان و کۆی یەکێتیەکاندایە و بڕیارەکە بە باری دروستدا بەرن".

ئەمەش لەكاتێكدایە دوێنی نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە كێشەكانی ناوخۆی یەكێتی سێ پێشنیاری ئاراستە كردبوو.
لەمبارەیەوە شۆرش حاجی وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان بە سپی ڕاگەیاند "کاک نەوشیروان سێ داواکاری لە لایەنەکان هەبووە کە خۆی دەبینییەوە لەوەی ململانێکان قوڵتر نەکرێنەوە و دووەم لایەنەکان کەناڵێکی پەیوەندی بدۆزنەوە بۆ ئەوەی دەستبکەن بە گفتوگۆ و لە ڕێگەیەوە نیگەرانییەکانیان بگەیننە یەکتر".

زیاتر بخوێنەرەوە




AM:10:11:04/09/2016