ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی داوایەک لە هەردوو باڵی ناکۆکی ناو یەکێتی دەکات

ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان داوایەک لە هەردوو باڵی " ناوەندی بڕیار" و " زۆرینەی مەکتەبی سیاسی " دەکات خۆیان لە لێدوانی توند دووربخەنەوە.

بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی داوا لە هەردوو باڵی ناکۆکی ناو یەکێتی، باڵی کۆسرەت رەسول و باڵی هێرۆ ئیبراهیم دەکات خۆیان لەبەکارهێنانی" هەرجۆرە لێدوانێکی تووندو نا مەسئولانەو زمانی زبر و یەکتر شکێن" بپارێزن.

شەوی ٩/١ وەک پەرەسەندنێکی نوێی ناکۆکیەکانی ناو یەکێتی، باڵی کۆسرەت رەسوڵ بەیانێکیان بەناوی " ناوەندی بڕیار " ەوە دەکرد، بۆ رۆژی دوایش باڵێ هێرۆ ئیبراهیم بەناوی باڵی " زۆرینە" وەلآمیان داناوە.

 بۆ /سەرجەم هەڤاڵانی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان)
سلاوێکی گەرم ……..
پاش ئەنجامدانی زنجیرەیەک دیدار لەلایەن لیژنەی راسپێردراوی ئەنجومەنی ناوەندییەوە لەگەڵ سەرجەم هەڤاڵە پەیوەندیدارەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و گەڵاڵە بوونی تێگەیشتنی هاوبەش بە ئاراستەی چارەسەر کردنی کێشەکان و پابەند بوونی ئەو هەڤاڵانە بەو تێگەیشتنە، بەردەوام دەبین لەسەر هەوڵەکانمان و جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە مێژوویەی کە پێمان سپێردراوە .

بۆیە داوا لەسەرجەم بەرپرس و کادرانی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) دەکەین لە پێناو سەرخستنی ئەرکەکانمان و گەیشتن بە چارەسەر کردنی کێشەکان و شادکردنی گیانی پاکی شەهیدان و خۆشحاڵ کردنی هەڤاڵان و دۆستان و دڵسۆزانی(یەکێتی نیشتمانی کوردستان)،لەئاست ئەو بەرپرسیارێتیە مێژووییەدابن کەلەسەر شانتانە و خۆتان لەبەکارهێنانی هەرجۆرە لێدوانێکی تووندو نا مەسئولانەو زمانی زبر و یەکتر شکێن بپارێزن .

هەرهەڤاڵێکیش پابەند نەبێت ڕووبەڕوی لێپرسینەوە دەبێتەوە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی شکۆی یەکێتیەکەمان.

لیژنەی راسپێردراوی ئەنجومەنی ناوەندی (ی.ن.ک)



PM:01:19:05/09/2016