"ژنەکەم دەستی دووە و بۆ فرۆشتن"

ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی ئاشکرایکرد کە پیاوێک هاوسەرەکەی خستووەتە مەزادەوە لە ماڵپەڕێکی کڕین و فرۆش لە سەر تۆڕی ئینتەرنێت و توشی شۆک بووە کە نرخی ئۆتۆمبێلێکی جاگواریان پێداوە.

سیمون ئەوکین کە باوکی دوو منداڵە وێنەی هاوسەرەکەی لیندای خستووەتە ماڵپەڕی ئیبەیەوە کە تایبەتە بە فرۆشتن و دەڵێت هاوسەرەکەی دەفرۆشێت.

هەروەها ئەو پیاوە دەڵێت هاوسەرەکەی جەستەیەکەی نایابی هەیە و لە چێشتخانەدا زۆر بەتوانایە و دەڵێت "دەستی دووە و بەکارهاتووە، بەڵام زۆر نا".

ئەو پیاوە بەریتانییە لە ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگەدا هاوسەرەکەی خستووەتە ئەو فرۆشتنەوە بەڵام لە دووڕۆژدا نرخی هاوسەرەکەی گەیشتووەتە 65,800 پاوەند، بەڵام کاتێک هاوسەرەکەی لە ڕۆژی دووەمدا زانیویەتی وتویەتی مێردەکەی دەکوژێت.

ئەو پیاوە وەک ئەندازیاری پەیوەندییەکان کاردەکات و لە هاوسەرەکەی بێزار بووە بۆیە ئەو کارەی کردووە، بەڵام ژنەکە ئەگەرچی زۆر توڕە بووە، بەڵام وتیەتی ئەگەر ڕیکلامەکە نەسڕایەتەوە ئەوا نرخی زۆر زۆر بەرزدەبووەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان ئەگەرچی ئەو ژنە ویستویەتی لە مێردەکەی جیاببێتەوە بەڵام بەهۆی ئەو کارەوە چەند کۆمپانیایەک داوای کارکردنیان لێکردووە کە ڕیکلامیان بۆ بکات و بەهۆی ئەوەوە بڕیاریداوە کە لەگەڵ هاوسەرەکەی بمێنێتەوە.



PM:12:56:18/09/2016