وەزیرێکی گۆڕان نامەیەک ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەکات

وەزیرێکی گۆڕان نامەیەکی کراوە ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەکات و دەڵێت" تازە دەڵێن لەگەڵ حیزبەکان کۆدەبینەوە شەرحی دەکەین، لەگەڵ خەڵک کۆببنەوە خەڵک هەموو شەرحەکەی لەبەرە".

رێباز محەمەد حەملان، وەزیری دارایی لەسەر پشکی گۆڕان لە نامەیەکی کراوەدا بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەکان کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە دەڵێت" بەڕێزان ئێستا دۆخی ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان زۆر زۆر خراپە لە ڕووی ئابوریەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ داڕوخان لە هەموو سێكتەرەكان ڕوو ئەدات، هەموو چین و توێژەكان زۆریان ئارام گرت و حاڵ و گوزەرانیان كردە قوربانی نانی منداڵەكانیان، قۆناغی برسێتی دەستیپێكرد و ئەو قۆناغەش زۆر مەترسیدارە، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی دۆخی سیاسی و شەڕی داعشەوە و بەهۆی ململانێی تایبەتی خەڵكانی دەستڕۆشتووی حزبەكانەوە خەڵك تووشی نەهامەتی بوە..؟".

وەزیرەکەی گۆڕان لە درێژەی نووسینەکەیدا دەڵێت" بەڕێزان هەموو تاكێكی ئەم میللەتە ڕۆژ بە ڕۆژ ژیانی  لە نەهامەتی  و كێشەی كۆمەڵایەتی دەگوزەرێنێ و تەنها هیوایان ئێوەن كە وڵات بە ڕێوە ئەبەن، ئێوەش تازە هاتوون ئەڵێن كۆ ئەبینەوە، لەگەڵ حزبەكان شەرحی چیی دەكەن خەڵك هەموو شەرحەكەی لەبەرە.؟".

ناوبراو لەسەر کێشەی حیزبەکان و خەڵک، دەڵێت" حزبەكان كێشەیان بە ئەمریكا حەل نەبوو بە ئێوە حەل نابێت، وەرن لەگەڵ خەڵك كۆ ببنەوە و هەست بە دۆخی خەڵك بكەن، وەرن ئەم قەیرانە لە بەرۆكی خەڵك بكەنەوە، وەرن چارەسەری چارەنوسی خوێندنی ئەمساڵ بكەن...؟".

وەزیرەکەی گۆڕان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەنجومەنی وەزیران سێ مانگە کۆنەبۆتەوەو دەڵێت" كۆبوونەوەی چی دەكەن، ئێوە خۆتان سێ مانگە كۆ نەبونەتەوە، بەڕێزان كە دۆخەكە لەدەست دەرچوو، كۆ بوونەوەو حزبایەتی نەوت و بەرژەوەندی كۆمپانیاكان و نەوتی كەركوك فریایی هیچ لایەك ناكەوێت، بۆیە ئەبێت حكومەت واز لە ململانێی سیاسی بێنێت و حزبایەتی نەكات و ئەبێت بە پەلە فریایی ژیانی ئەم میللەتە بكەوێت و گوزەرانی خەڵك چاك بكەنەوەو سیاسەتی ئابووری  ئەم هەرێمە بگۆڕدرێت، نەتان هێشت ئێمە بیگۆڕین فەرموو خۆتان بیگۆڕن لە بەرژەوەندی خەڵك و بۆ ئەوەی ئێمەش دەست خۆشیتان لێبكەین.؟؟".



PM:08:56:18/09/2016