ئەنجومەنی ئاسایش بەشێك لەموچەكانیان دەدەن بە مامۆستایان

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا دەنوسێت بەشێك لەموچەی كارمەندە پلەدارەكانیان بۆ كەرتی پەروەردە‌و مامۆستایان تەرخان دەكەن.

دەقی راگەیەنراوەكە:

جەماوەری خۆشەویست و خۆڕاگری هەرێمی کوردستان

وەک پاڵپشتی بۆ ئەو هەڵوێستە نیشتمانپەروەرانەیەی پێشمەرگە قارەمانەکانی هەرێم لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و هەردوو یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ ، کە ئامادەن رێژەیەک لە مووچەکانیان بۆ پاڵپشتی پرۆسەی خوێندن و دابین کردنی مووچەی مامۆستایان تەرخان بکەن، ئێمەش وەک گشت پێکهاتەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش ئامادەین رێژەیەکی گونجاوی مووچەی کارمەندە پلەدارەکانمان بۆ کەرتی پەروەردە و مامۆستایانی هەریم تەرخان بکەین تاکو منالانی هەرێم بە گشتی و مناڵانی پێشمەرگە و شەهیدان بە تایبەت لە خوێندن و پەروەردە بێبەش نەبن. ئەفسەران و کارمەندانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایش، چ راستەوخۆ لە بەرەکانی جەنگ و چ لە ناوەوەی هەرێمدا، گیانیان بەخت کردووە بۆ پاراستنی ئەم ئەزموونە و ڕاگرتنی ئارامی و سەقامگیریی هەرێم، بۆیە ئێستاش ئامادەین بە رێژەیەک لە مووچەکانمان بەشدار بین لە چارەسەریی بەشێک لە کێشەکانی هەرێم. وێڕای ئەمە هیوادارین هەرچی زووتر حکومەتی هەرێم بە گرتنەبەری رێکاری مکوڕتر و چاکسازی و گۆڕانکاری پێویست لە حکومەتدا، هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ چارەسەریی بنەڕەتیی ئەم قەیرانە داراییە،
بە ھاوکاری و ھەماھەنگی ھەموو لایەک و ھەستکردن بە بەرپرسێارێتی نیشتمانی.

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی
کوردستان
٢٦/٩/٢٠١٦



PM:03:03:26/09/2016