دوو باڵەكەی یەكێتی نیشتمانی كۆدەبنەوە

بڕیارە سبەینێ سێشەممە27/9 هەردوو باڵی "ناوەندی بڕیار"‌و "زۆرینەی مەكتەبی سیاسی" لە سلێمانی كۆببنەوە.

لەمبارەیەوە شاڵاو عەلی عەسكەری، وتەبێژی "ناوەندی بڕیار"‌و ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بە میدیاكانی راگەیاند: سبەینێ سێشەممە كاتژمێر 11ی پێشنیوەرۆ شاندێكی ناوەندی بڕیار كە لەلایەن حاكم قادر حەمە جان سەرپەرشتی دەكرێت‌و، زۆرینەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە لەلایەن رەفعەت عەبدوڵا سەرپەرشتی دەكرێت، كۆدەبنەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 1-9-2016 كۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح ناوەندی بڕیاردان-یان لەنێو یەكێتی دروستکرد و رایانگەیاند "هیچ بڕیاڕێك، چ لەناوخۆی حیزب یا بۆ دەرەوەی حیزب، بەبڕیاری گشتگیری یەكێتیی نازانرێت ئەگەر بەئاگاداری و پەسەندكردنی ئەم ناوەندەی بڕیارەی یەكێتی نەبێت".

لەبەرامبەردا باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كە خۆیان بە زۆرینەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەناسێنن، بە دەركردنی بەیاننامەیەك شەرعیبوونی ئەو ناوەندیان رەتكردەوە، بەوەش جۆرێك لە گرژی لەنێوان لایەنگرانی هەردوو باڵەكەدا دروستبوو.



PM:03:37:26/09/2016