"لەلایەن خودی یەكێتییەكانەوە سوكایەتی بە سەركردەكانی یەكێتی دەكرێت"

پەرلەمانتارێكی یەكێتی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە كێشەكانی ئێستای ناو یەكێتی ناكۆكی كەسیی‌و بەرژوەندییە‌و ئەمەش زیانی زۆری بە یەكێتی گەیاندوە.

گۆران ئازاد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی لە بابەتێك لە ژێر ناوی "یەكێتی هەروا بووە.. بەڵام هەروا بەردەوام دەبێت؟؟" باس لە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی دەكات‌و دەنوسێت: "یەکێک لە پاساوەکان بۆ دۆخی ناوخۆی یەکێتی دەڵێن یەکێتی هەروا بووە، واتە ئەو ناکۆکیانە ئاسیایە و لە ڕابردووش هەروابوە و هەر بە دەسکەوتوو و سەرکەوتوو ماوەتەوە،ئەم قسە ئەگەر بۆ دوێنی ڕاستی تیابووبێت و ڕاست بێت ئەوا بۆ ئەمڕۆ نەگوونجاوو ناڕێکە لەبەر ئەم هۆکارانە".

گۆران ئازاد باسی هۆكارەكانی دەكات‌و بەم جۆرە ریزبەندی دەكات " یەکەم؛ناکۆکیەکانی ناوخۆی یەکێتی تا کۆنگرەی یەکەم ناکۆکی فکری بوون ئەمەش خزمەتی دەکرد بە گەشەی یەکێتی،بەڵام ناکۆکی ئێستا کەسی و بەرژەوەندیە بۆیە زیانی زۆرە،دووەم؛ناکۆکیەکان جاران شاراوە بوو لانی کەم لەناو قاعیدەی حیزبەکە هەستی پێدەکرا ،بەڵام ئێستا بەهۆی زۆری میدیا وسۆسیاڵ میدیا بە ئاسانی هەموو خەڵک بە دۆست و نەیار ووردەکاری کێشەکان دەزانێ وئەمەش کاریگەری خراپی هەیە بۆ سەر یەکێتی،سێیەم؛ئامادەبوونی بەڕێز مام جەلال لە کایەکە وای کردبوو کەمووکوڕیکانی یەکێتی نەبینرێت یان زۆر دیار نەبێت لە ئامادەبوونی بەڕێزی وای کردبوو یەکێتی خاوەن بڕیاڕوو شوناس بێت،نەک لەکاتی ڕووداوەکان بەڵکو پێش ڕووداوەکانیش وەکو پێشبینی بۆڕاپەڕین و فیدڕاڵی و دەرهێنانی نەوت و زۆر دەستکەوتی تر،هەرلەبەر ئەوەش بووە کە قاعیدەی یەکێتی زۆرجار لە کێشەکان لەخۆبوردوانە کاریان کردووە بۆ هەستانەوەی یەکێتی بەڵام ئێستا کەناکۆکی نێوان سەرکردەکان باس دەکرێت ".

پەرلەمانتارەكەی یەكێتی هەروەها دەنوسێت "لە وەش ترسناک تر لە پەیجەکان سوکایەتی بە سەرکردەکان دەکرێت لە لایەن خودی یەکێتیەکان ئەمەش کاریگەری خراپی کردۆتە سەردەنگ دەری یەکێتی ،بیرمان چۆتەوە هەموو سەرکردەکان  بە باش و خراپیان تا بەرپرس بێت لە ناو یەکێتی و تا کۆنگرەی یەکێتی پێویستی یە بۆ یەکێتی و یەکێتیش پێویستی یە بۆ هاوسەنگی دیموکراتی و خزمەتی نەتەوەی،بۆیە ئەگەر پەرۆشی دیموکراتی وپەرۆشی یەکێتی وپەرۆشی نەتەوەین دەبێت  هەموومان ڕۆڵمان هەبێت لە چارەسەری کێشەکان وچیتر نەڵێین یەکێتی هەروابووە".



PM:02:01:02/10/2016