مەریوان قانع: هەڕەشەی ستراتیژی‌و ژمارە یەک لەسەر کورد تورکیایە

نوسەرو لێکۆڵەر مەریوان وریا قانع پێیوایە هەرەشەی ستراتیژی و یەکەم لەسەر کوردی هەر چوار پارچە تورکیایە.

لە نووسێنێکدا لەتۆڕی کۆمەلآیەتی فەیس بووک، مەریوان وریا قانع دەڵێت"بە کوردیی و بە کورتیی تورکیا بەنیازی شەڕێکی گەورەیە، ھەم لە کوردستانی تورکیادا، ھەم لە کوردستانی سوریادا و ھەم لە کوردستانی عێراقدا. ئەم وڵاتە لەیەککاتدا ھەڕەشە لە سێ پارچەی کوردستان دەکات کە زیاد لە بیست ملیۆن مرۆڤیان تیا دەژیی. بەبۆچونی من ھەڕشەی ھەرە ستراتیژیی و ژمارە یەکە ئەمڕۆ لە کوردستان و مەسەلەی کورد، تورکیایە. کێ گوێی ھەیە با گوێی لێبێت".

ئەو نووسەرە ناسراوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات" ڕۆژی سێ شەمە، لە کۆبوونەوەی ”سەرۆکە ئیسلامییەکان"دا لە ئەستنەبوڵ ئەردۆگان ھەڕەشە لە حەیدەر عەبادی دەکات و پێی دەڵێت ”سنوری خۆت بزانە". لەدرێژەی قسەکانیدا ئەردۆگان دەڵێت ”عەبادی قسەی ناشیرینی بە شەخسی خۆم وتوە، یەکەم شت کە پێویستە بیزانیت ئەوەیە سنووری خۆت بناسە"، بە کوردییەکی سادە ئەردۆگان بە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت دەمدرێژیی نەکەیت. ئەم قسانەی ئەردۆگان کاردانەوەیە بۆ ئەو داواکارییەی عێراق کە دەیەوێت سوپای تورکیا خاکی عێراق بەجێبھێڵێت. حکومەت و پەرلەمان و شەقامی عێراقی باوەڕیان وایە ئەو سوپایە دەستدرێژی کردۆتە سەر خاکی عێراق، چونکە بەبێ پرس و ڕای حکومەتی عێراقی ھاتۆتە ناو خاکی ئەو وڵاتەوە. لەھەمان کاتدا ئەردۆگان بە عەبادی دەڵێت ”سوپای تورکیا ئەوەندە بێقیمەت نەبووە ئەمر لە تۆوە وەربگرێت".

قانع پێیوایە "ئەم قسانەی ئەردۆگان ئەوە دەردەخەن کە تورکیا نیازی بەجێھێشتنی عێراق و لەگەڵیشدا کوردستانی نییە، نەک ھەر ئەمە، ئەگەر بۆشیان بچێتە سەر بەشێکی گەورەی سوریاش داگیردەکەن، بەتایبەتی ناوچە کوردییەکانی سوریا. لە ئێستادا بە کردەوە سوپای تورکیا خاکی دوو وڵاتی دراوسێی داگیرکردوە. ئەمەش دەربڕی ئەو دیدەیە کە داود ئۆعلۆ لە ٢٠١١ دا بێ سڵەمینەوە دەریبڕیی کاتێک وتی ”مەجالی ئەمنی ستراتیژیی ڕاستەوخۆی تورکیا لە ئەلتاکیا و حەڵەبەوە دەستپێدەکات و بە رەقە و موسڵدا تێدەپەڕێت تا دەگاتە سلێمانی". ھاوکات سەرۆکوەزیرانی ئێستای تورکیاش چەند ھەفتەیەک لەمەوبەر بە ئاشکرا باسی بەرپاکردنی "شەڕیی ھەمەلایەن"، Total War، بە تورکیی ”Topyekûn savaş açtık"، دژ بە پەکەکە و و پی وای دی لە ڕۆژئاوا کرد جەنگێکی گشتگیر کە بەقسەی ئەو سەرۆکوەزیرانە ”ئەوەی لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا ڕوویداوە لەچاویدا جەنگێکی سادە و سەرەتایی بووە" یان یاری منداڵان بووە. شەڕێک کە بەلانیکەمەوە ٤٠ ھەزار مرۆڤی تیادا کوژراوە".



PM:07:07:11/10/2016