کۆبوونەوەی شەوی رابردوو شکستی خوارد
کۆبوونەوەی باڵی زۆرینەو سەرکردایەتی یەکێتی سازدەکرێت

کۆبوونەوەی هەردوو جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی نوێنەری باڵی زۆرینە تا نیوەی شەوی رابردوو بەردەوام بوو، بەبێ ئەوەی بگەنە هیچ ئەنجامێک، هاوکات باڵی " زۆرینە " هەموو ئامادەکاریەکی تەواو کردووە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەمڕٶی سەرکردایەتی کە پێشبینی دەکرێت ٣٤ ئەندام بەشدار بن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند " لە کۆبوونەوەی شەوی رابردوودا کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح داوایان لە بافڵ کردووە کە کۆبوونەوەکە دواخرێت، لە حاڵەتی سازکردنیشیدا با تاڵەبانی بەکارنەهێنرێت بۆ شەرعیەت دان بە کۆبوونەوەکەو بەشداری پێ نەکرێت".

بەپێی ئەو زانیاریانە، نوێنەری یەکێتی بافڵ تاڵەبانی بەڵێنی ئەوەی داوە کە لەکۆبوونەوەکەدا باس لە باڵی " ناوەندی بڕیار " نەکرێت و کۆبوونەوەکە تایبەت بکرێت بە بارودۆخی خراپی ژیانی هاولآتیان و پرسی رزگارکردنی موسڵ.

لە لایەکی ترەوە باڵی " زۆرینە " هەموو ئامادەکاریەکانی تەواوکردووە ئەمڕۆ کاتژمێر ١١ لە بینایەی مەکتەبی سیاسی کۆبوونەوە بە بەشداری ٣٤ ئەندام لەکۆی ٥١ ئەندام سازبکات.



AM:09:52:15/10/2016