سپی زانیاریی ورد لەسەر كۆبوونەوەكانی شەوی رابردووی هەر دوو باڵەكەی یەكێتی بڵاودەكاتەوە

شەوی رابردوو چەند كۆبوونەوە‌و دیدار‌و پەیوەندی تەلەفۆنی لەنێوان ئەندامانی هەردوو باڵی "زۆرینە"‌و "ناوەندی بڕیار"ی یەكێتیدا ئەنجامدرا.

بەپێی زانیارییەكانی سپی شەوی رابردوو تا 12 شەو، باڤڵ تاڵەبانی بە نوێنەرایەتی باڵی "زۆرینە" لەمالی كۆسرەت رەسوڵ بووە‌و، لەو دیدارەدا باڤڵ بەڵێنی داوە لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی باس لە كێشەكانی ناو یەكێتی نەكرێت‌و زۆرتر قسە لەسەر بارودۆخی ئابوریی خەڵك‌و پرسی رزگاركردنی موسڵ بكرێت.

لەلایەكی ترەوە قادر حەمەجان كارگێری مەكتەبی سیاسی سەر بە باڵی "ناوەندی بڕیار" هەتا درەنگانێكی شەو لەدەباشان لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كۆبووەتەوە.

لەلایەكی ترەوە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی توند لەنێوان شێخ جەعفەر مستەفا، فەرماندەی هێزەكانی 70ی، لەباڵی "ناوەندی بڕیار" لەگەڵ مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستی كارگێڕی روویداوە‌و لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا كە بە پێی زانیارییەكانی سپی بە شێوازێكی توند قسەیان لەگەڵ یەكتر كردوە، شێخ جەعفەر ئاماژەی بەوە كردوە كە هەموو رێگاكان لەبەردەم ئەواندا كراوەیە ئەگەر كۆبووونەوەی ئەمرۆ 15/10 سازبكرێت.

بەپێی زانیارییەكانی سپی ئەو بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی كە سێ رۆژ لەوەپێش بڵاوكرایەوە‌و داوای كۆبوونەوەی سەركردایەتی كردبوو، لەلایەن مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی نوسرابوو ‌و لە یۆنانەوە بۆ باڵی زۆرینەی ناردبوو تا لەسەر بنەمای ئەو بەیاننامەیە ئەندامانی سەركردایەتی بانگ بۆ كۆبوونەوەی ئەمڕۆ شەممە.

كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی یەكێتی كە كاتژمێر 11ی پێشنیوەرۆ لەبینای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەو سلێمانی سازكرا، 33 كەس ئامادەبوون‌و لەلایەن مەلا بەختیار سەرپەرشتی كرا كە باڵی "ناوەندی بڕیار" كە 17 كەسن بایكۆت كرد.



PM:03:24:15/10/2016