ئەمڕۆ لە باکوری کوردستان خۆپیشاندانی گەورە ئەنجامدەدرێت

لەسەر داوای هەردوو حیزبی کوردی هەدەپەو دەبەپە ئەمڕۆ ١٠/٢٦ لە شاری ئامەدو زۆربەی شارەکانی باکوری کوردستان و لە ئیستانبوڵ و ئەنقەرە بەهۆی دەستگیرکردنی هاوسەرۆکانی شاری ئامەد خۆپیشاندانی گەورە ساز دەکرێت.

شەوی رابردوو هەردوو هاوسەرۆکی شاری ئامەد گوڵتان کەشناک و فرات ئانلی لە لایەن هێزەکانی دژە تیرۆر و پۆلسیی تورکیاوە بە تۆمەتی پەیوەندی هەبوون بە پارتی کرێکارانی کوردستناوە دەستگیرکران و ئەو رەفتارەی دەسەلآتدارانی تورکیاش بووە مایەی ناڕەزایەتییەکی زۆری خەڵکی باکوری کوردستان و، ئەمڕۆ بڕیارە کاتژمێر ١١ لە شارەکانی باکور خۆپیشاندانی گورە سازبکرێت.

فرات ئانلی کە شەوی رابردوو لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیرکرا، لە دایکبووی ساڵی ١٩٧١ ی ئامەدەو دەرچووی کۆلیژی یاسای زانکۆی دیجلەیەو لەساڵی ١٩٩٥ دا بەتۆمەتی پەیوەندی بە پەکەکەوە بۆ چەند ساڵێک دەستگیرکراوە، لە ساڵی ٢٠١٣ هەڵبژێردراوە بە هاوسەرۆکی شارەوانی ئامەد.

گوڵتان کاشناک هاوسەرۆکی شارەوانی ئامەد، لە دایکبووی ١٩٦١ ی گوندێکی نزیک ئامادە، لە ساڵی ١٩٨٥ بۆ ماوەی دوو ساڵ دەستگیرکراوە، دواتر بۆ دوو خول ئەندامی پەرلەمانی تورکیا بووە، لەساڵی ٢٠١٣ ەوە هەڵبژێردرا بە هاوسەرۆکی شارەوانی ئامەد، شەوی رابردوو لە فرۆکەخانە دەستگیرکرا 


AM:10:05:26/10/2016