NRT بۆ سامانە سروشتییەکان: فرۆشتنی نەوت بە تانکەرو نەوت دان بە پالآوگاکان ئاشکرا بکە

کەناڵی NRT وەلآمی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەداتەوەو دەپرسێت"ڕۆژانە تەنها بە پێی ئامارەکانی بازگە سنوریەکان ٨٤٠ تەنکەر نەوت ئاودیوی ئێران و تورکیا دەکرێت کە نزیکەی ٢٣٠ هەزار بەرمیل نەوتە و مانگانە بەهاکەی دەگاتە ٢٠٠ ملیۆن دۆلار، وە بۆچی لە ڕاپۆرتەکانی مانگانەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان هیچ ئاماژەیەکی پێ نادرێت؟".

هەروەها ئەو کەناڵە دەپرسێت "ڕونیبکەنەوە ئایا پارەی ئەو ٨٠ هەزار بەرمیل نەوتەی کە دەدرێت بە پاڵاوگەی کەڵەک و بازیان بۆ کێ دەڕوات و کێ پارەکە وەردەگرێت؟".

ڕوونکردنەوەیەک لە کەناڵی ئێن ئاڕ تییەوە لەسەر لێدوانەکانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان:

پاش ئەوەی کەناڵی ئێن ئاڕ تی بۆ یەکەم جار کۆمەڵێک زانیاری بڵاوکردەوە لەسەر داتا و ئاماری هەناردەی نەوتی هەرێم لە گشت کێڵگەکەنەوە، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دوای دوو ڕۆژ لە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکەی ئێن ئاڕ تی هەستاوە بە بڵاو کردنەوەی ڕوونکردنەوەیەک، بۆیە بە پێویستمان زانی وەک کەناڵی ئێن ئاڕ تی ئەم خاڵانە ڕوونبکەینەوە بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان :

١-پێمان سەیرە وەزارەتێکی وەک وەزارەتی سامانە سروشتیەکان، کە بانگەشەی ئەوە دەکات کەسانی پسپۆر و شارەزا و بە توانای تێدایە و چەندین جار خودی وەزیر باسی لەوە کردوە کە لە دەرەوەی وڵات بووە و کەسێکی زۆر شارەزایە لە بواری نەوت و ئیدارەدانی وەزارەتەکە، ئەوا بەم زمانە و لە پاش تێپەربوونی ٤٨ کاتژمێر بەسەر بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکەی ئێن ئاڕ تی و بەم ئێوارەی پێنج شەمەیە کە دەوامی فەرمی نییە، ڕوونکردنەوە دەدات بە زمانێک کە زیاتر جنێو و وشەی نەشیاوی تیایە وەک لە زانیاری و داتا .

٢- ئێن ئاڕ تی داوا لە بەرێزان لە حکومەتی هەرێم و خودی بارزانی دەکات کە بە شەخسی ئاگاداری مەلەفی نەوتە، کە لە بری جنێو دان و قسەی ناشیرین بە کەناڵێک کە تەنها ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی بڵاوکردۆتەوە، ئەوا بۆ هاوڵاتیانی ڕوونبکاتەوە کە چی لەو نەوتە دێت کە ڕۆژانە تەنها بە پێی ئامارەکانی بازگە سنوریەکان ٨٤٠ تەنکەر نەوت ئاودیوی ئێران و تورکیا دەکرێت کە نزیکەی ٢٣٠ هەزار بەرمیل نەوتە و مانگانە بەهاکەی دەگاتە ٢٠٠ ملیۆن دۆلار، وە بۆچی لە ڕاپۆرتەکانی مانگانەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان هیچ ئاماژەیەکی پێ نادرێت و ڕوونناکرێتەوە کە پارەی ئەم نەوتە دەدرێت بە کێ و چی لێدێت .

٣-ئێن ئاڕ تی داوا لە سەرۆکایەتی هەرێم و لایەنە بەرپرسەکانی حکومەت دەکات (بە سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەتیشەوە) کە ڕونیبکەنەوە ئایا پارەی ئەو ٨٠ هەزار بەرمیل نەوتەی کە دەدرێت بە پاڵاوگەی کەڵەک و بازیان بۆ کێ دەڕوات و کێ پارەکە وەردەگرێت؟

٤- ئێن ئاڕ تی داوا لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی دەکات، کە لە بری جنێودان و بەکارهێنانی وشەی نەشیاو، ئەوا لە بەرچاو هەموو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانەوە ڕێبدەن کە کامێرای ئێن ئاڕ تی و تیمی ڕۆژنامەوانی ئێن ئاڕ تی کە ماوەی سێ مانگە لێکۆڵینەوە لە داهاتی نەوت و ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دەکەن، سەردانی کێڵگەکانی ( خورمالە - تاوکێ - تەقتەق - هاڤانا - بای حەسەن ) بکەن و هەروەها چەند ئەندام پەرلەمانێک و چەند کەسێکی بیانی کە شارەزای بواری نەوتن و ئێن ئاڕ تی پشتی پێ بەستون یاوەری تیمەکە بن و سەردانی ئەو کێڵگانە بکەن و ڕێیان پێبدرێت کە چێکی لیستی هەناردەی شەش مانگی ڕابردوی نەوتی ئەو کێڵگانە بکرێتەوە و هەروەها چاودێری هەناردەی نەوتەکە بکەن، تاوەکو ئەو کات ڕاستی و ناڕاستی ڕاپۆرتەکەی ئێن ئاڕ تی بۆ هەموو خەڵکی کوردستان دەربکەوێت .

٥-ئێن ئاڕ تی لای سەیرە کە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لە وەڵامەکەیدا تەنها بە یەک وشەیش نەیتوانیوە وەڵامی ئێن ئاڕ تی بداتەوە بە ژمارە، چونکە ئێن ئاڕ تی سەرباری ئەوەی کە زانیاری لایە داتاکانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان وەک پێویست نین، بەڵام لە ڕاپۆرتەکەیدا پشتی بەستوە بە ٦١١ ملیۆن دۆلاری داهاتی مانگی سێپتێمبەر، کەچی ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بەم ئێوارە درەنگەی ڕۆژی پێنج شەمە و بەم زمانە زبرە بە لایدا نەچووە ژمارە و داتایە لەسەر هەناردەی نەوت بە تەنکەر و هەروەها فرۆشتنی نەوت بە پاڵاوتگەکان، تەنانەت بە یەک وشەیش باسی ئەو داتایانەی نەکردوە .

٦-ئێن ئاڕ تی ئامۆژگاری وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دەکات، کە لە بری جنێودان و وشەی ناشرین ئەوا بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی ڕونبکردایەتەوە بۆ نمونە کە ژمارەی تەنکەرەکان ٨٤٠ تەنکەر نین بەڵکو کەمترە یاخود پێدانی نەوت بە پالاوگەکان ٨٠ هەزار بەرمیل نییە، وە هەروەها بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی ڕونبکردایەتەوە کە بۆچی مانگانە لە راپۆرتی سامانە سروشتیەکاندا ئاماژە بەم دوو برگەیە نادەن ؟

بۆیە لە کۆتایی ئەم وەڵامەدا، ئێن ئار تی داوا لە هەموو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکات کە جارێکی تر گوێبیستی ڕاپۆرتەکەی ئێن ئاڕ تی بن کە لە ٣١ ی ئۆکتۆبەر بڵاوبووەوە، هەروەها سەیرێکی وەڵامەکەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بکەن و ئینجا بە وردی ئەم ڕونکردنەوەیەی ئێن ئاڕ تی بخوێننەوە.. پاشان هاوڵاتیان و خەڵکانی شارەزا خۆیان بڕیار بدەن کە کام لەو ڕونکردنەوە و ڕاپۆرتانە ژمارە و داتای تیایە و کامیشیان خۆی لاداوە لە داتا و برگە حەساسەکان و باسی نەکردوە؟.

هەروەها ئێن ئاڕ تی داوا لە خودی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی دەکات، کە لە بری وەڵام و وەڵامکاری و جنێودان، ئەوا دەرگای کێڵگەکان و تۆماری لیستی هەناردەی ڕۆژانە بکاتەوە بۆ ئەندام پەرلەمانان و ڕۆژنامەنوسان تا بە چاوی خۆیان بری هەناردەی نەوتی هەرێم ببینن، وە ئەگەر حکومەت نەیتوانی ئەم کارەبکات ئەوا دیارە شتێک هەیە کە دەیەوێت بیشارێتەوە و نەگاتە دەست هاوڵاتیان، بۆیە ئێن ئاڕ تی ناچار دەبێت پەنا ببات بۆ خەڵکانی بیانی و سەرچاوەی بیانی و ڕێگای تری چاودێری نەوتی هەرێم تاوەکو زانیاری ڕاست بگاتە هاوڵاتیان .



PM:10:54:03/11/2016