کەشناسی هەرێم: سەگەکانی خۆر لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان دەرکەوتەوە

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند دوای یەک ساڵ و لە ١١/١١ دا جارێکی دیکە دیاردەی سەگەکانی خۆر لە ئاسمانی کوردستان دەرکەوتەوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە وێنەی دیاردەکەی بڵاوکردووەتەوە و نوسیویەتی " لە 2015.11.11 دیاردەی (سەگەكانی خۆر – Sun Dogs) روویانداو لە 2016.11.11 ەش له‌ هەمان كاتدا دووبارە بۆوە!|

پێشتر بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێم نوسیبووی "ئەم دیاردەیەش لەسەر شێوەی دەركەوتنی 2 تا 3 خاڵی گەش و رووناك و رازاوە بە رەنگەكانی پەلكە زێڕینە لە لای راست و چەپی دیسكی خۆرەوە دەردەكەوێت و هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ شكانەوەی تیشكی خۆر بەنێو كریستاڵە سەهۆڵییە شەش لایەكانی هەوری ئاست بەرزی (سیڕۆستڕاتۆس - Cirrostratus) و پاشان شیبووەنەوەی بۆ حەوت رەنگە سەرەكییەكەی خۆیدا".

ئاماژە بەوەشکراوە ئەم دیاردەیە بە خۆری ناڕاستیش ناو دەبرێت چونکە زۆرجار بینەر واهەست دەکات دوو یان سێ خۆر لە ئاسماندا دەدرەوشێتەوە.



AM:10:41:13/11/2016