بەهۆی بارینی بەفرەوە دوو ڕێگای سەرەکی پارێزگای سلێمانی داخران

بەهۆی زۆری بارینی بەفرەوە هەردوو رێگای سەرەکی نێوان سلێمانی و شارباژێر و سلێمانی و رانیەش داخران.

وتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی سلێمانی رائید کاروان ئیبراهیم لە لێدوانێک بۆ سپی، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد هەر کاتێک بەفربارین زۆربێت و لەبەر سەلامەتی گیانی هاولآتیان رێگای هاتووچۆ رادەگیرێت.

کاروان ئیبراهیم داوای لە هاولآتیان کرد لە کاتی هەر کێشەیەکدا کە پەیوەندی بە پۆلیسی هاتوچۆوە هەبێت، ئەوا پەیوەندی بەژمارە ١٨٨ ەوە بکەن تا بەدەمیانەوە بچن، یان راستەوخۆ پەیوەندی بەرادیۆی هاتوچۆوە بکەن.

لە شەوی رابردوەوە بەفربارین لە باشووری هەرێم  دەستیپێکردووە و لە شوێنە شاخاویەکان بەرادەیەکی زۆر بەفر باریووە کە دەگاتە زیاتر  لە ٣٠ سم.



AM:11:38:19/12/2016