یاداشتێك بۆ شاندی كۆبوونەوەكان: گەل چاوەڕێی كرداری ئێوەیە، نەك گوتار‌و وشەی بریقەدار

ژمارەیەك رێكخراوی مەدەنی یاداشتێك ئاراستەی حیزبەكانی هەرێمی كوردستان بە دیاریكراوی پارتی‌و گۆڕان‌و یەكێتی دەكەن‌و داوای چارەسەری قەیرانەكانی هەرێمی كوردستانیان لێدەكەن.

لە یاداشتەكەدا كە وێنەیەكی بۆ سپی نێردراوە هاتووە "گەل چاوەروانی كرداری ئێوەیە.... نەك گوتار‌و  وشەی بریقەدار و موزایەدەی سیاسی ئەوەتان لەبیربێت و با لەسەرمێزی گفتوگۆ خاڵی هاوبەشتان بێت کە گەلەکەتان برسیە".


دەقی یاداشتەكە:


بۆ ئەندامی شاندی كۆبونەوەكان
بۆ حیزبەكانی هەرێمی كوردستان
بە دیاریكراوی بۆ پارتی‌و گۆران‌و یەكێتی

ئەنستتیوتی وۆرک بۆ گەشەپێدانی دیموکراسی بەهاودەنگی لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی‌و،  داوا لە ئێوە دەكەین كە ئێستا  لە كۆبونەوەدان،  بریاردان لە چارەنوسی گەلەكەتان بدەن‌و دۆخی چەقبەستوی سیاسی هەرێمی كوردستان و قەیرانی ئابوری هەرێم بەرێکەوتن چارەسەربکەن لەپێناو بەرژەوەندی خەڵک و لەرێکەوتنەکانتاندا سەروەری بۆ یاسا بگێڕنەوە، لەپێناو تاکە کەس و کورسی دەسەڵاتەکان چارەنووسی ئەم هەرێمە بەرەو خراپترمەبەن.

سیاسەتمەدارانی كوردستان،  رەچاوی باروگوزەرانی خەڵكی كوردستان بكەن كە چیتر تەحەمولی ئەم هەمووە قەیرانە یەك لەدوای یەكە ناكەن، بەتایبەتی كە ئێوە ژیانی ئاسایی خۆتان دەژین وەك ئەوەی نە باتان بینیبیت نە باران‌و خەڵكیش لە نەبونی‌و نەهامەتیدا رۆژانە دەناڵێنێت‌و روبەروی دەیان كێشە دەبێتەوە، تا ئاستی تێكچونی شیرازەی دەیان خێزان، كە بارگرانی ژیان تەنگی پێهەڵچنیون ، بۆیە داواكارین ئێوە بە ئەركی مێژووی خۆتان هەستن‌و ئەم میللەتە لەم قەیرانە رەزگار بكەن .
خەڵكی كوردستان زۆر نەهامەتی‌و ناخۆشی چەشت لە پێناو ئەوەی كورد خۆی حوكمرانی خۆی بێت، هەر لە قەیرانی نەبونی كارەبا، نەوت‌و غاز، ئەمە سەرباری قەیرانی مووچە كە لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو دەسیپێكرد‌و ئێستادا دوبارەتان كردەوە، هەر چەندە ئەو كات پاساوتان بونی دوژمنێكی حازر، ئەویش، دەسەڵاتی رژێمی پێشووبوو،  بەڵام ئەی ئێستا پاساوتان چیە بۆ سیاسەتی برسیكردن‌و برینی قوتی خەڵك؟
 بەرێزان  .
سیاسەتمەدارانی وڵات، لایەنە سیاسیە ناکۆکەکان، ئەوەتان لەبیربێت كە چیتر خەڵكی كوردستان تەحەمولی ئەم هەموو قەیرانە ناكات‌و لە ساتێك لە ساتەكاندا شەپۆلی نارەزاییەكان هێندە فراوان دەبێت كە لە جڵەوی ئێوەش دەردەچێت‌و دواجار هەموان زەرەرمەند دەبین‌و، مەرگە ساتەکانی وڵاتی دراوسێ ببین چۆن ماڵوێرانی دروست کردوە بۆ گەلەکەی و هەمیش دەسەڵاتدارەکانی بوونە مێژوویەکی رەش دەسەڵاتیان لەدەستدا، بۆیە ئیتر واز لە سیاسیەتی برسیكردن‌و سیاسەتی قوڵكردنەوەی قەیرانەكان بهێنن كە بۆ ململانێی حیزبی خۆتانە‌و بۆ نمایشی هێزی حیزبیە‌و و گەل باجەکەی ئەدات.

دواجار بەرێزان‌و سیاسەتمەدارانی كوردستان ئێمە وەك رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی‌و هەستكردن بە ئازاری میللەتەكەمان، داواكارین حەكیمانە چارەسەری كیشە ئابوری‌و سیاسیەكانی ئەم وڵاتە بكەن‌و خۆتان نەبنە هۆكاری سەرەكی لەدەستدانی ئەم ئەزمونە كە بە خوێنی شەهیدان هاتوەتەبوون‌و ئێستا ئێوە لەسایەیدا خاوەن دەسەڵاتن، بۆیە داواكارین بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل‌و نیشتمان لەبەرچاوبگرن‌و بەرژەوەندیە كەسی‌و حیزبیەكانتان ولاوەنێن، ئەم كۆبونەوەیە بكەنە هەوێنی ئارامی‌و ئاسایش لە كوردسان‌و بە زمانی دایەلۆگ بە عەملی چارەسەری قەیران‌و كێشەكان بكەن.،  نەك تەنها قسە‌و پرۆژە‌و كۆبونەوە لە پێناو كۆبونەوە بكەن.
گەل چاوەروانی كرداری ئێوەیە.... نەك گوتار‌و  وشەی بریقەدار و موزایەدەی سیاسی ئەوەتان لەبیربێت و با لەسەرمێزی گفتوگۆ خاڵی هاوبەشتان بێت کە گەلەکەتان برسیە.
ناوی ئەو رێکخراوانەی هاودەنگن لەگەڵ ئەنستیتتوتی وۆرک

- سەنتەری پەرپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ DHRD
- تۆڕی خەڵک
- ڕێکخراوی ژیان بۆ گەشەپێدان و فریاکەوتن
هەروەها باڵێۆزی مافی مرۆڤ و چەند کەسایەتی و چالاکوانێک
-ریكخراوی ژیانەوەی گەنجان




PM:03:45:19/12/2016