"لە گەمەی نەوتی كوردستاندا"
رۆیتەرز: كۆمپانیایەكی نەوت بەتەمای 550 ملیۆن دۆلارە

كۆمپانیای گلینكۆر Glencore plcی تایبەت بە كانزا و سەرچاوەكانی وزە كە بارەگاكەی لە سویسرایە، لە هەوڵی ئەوەدایە 550 ملیۆن دۆلار لەو وەبەرهێنەرانە بۆخۆی بپچڕێت كە پارەی كاشیان لەبەرامبەر وەرگرتنی نەوت داوەتە هەرێمی كوردستان.

بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز، لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا نەوتی هەرێمی كوردستان بووەتە ئامانجی بازرگانە ئەوروپاییەكان بەتایبەت لەوكاتەوەی كە هەولێر دوور لە بەغدا دەستیكردووە بە فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەكی سەربەخۆ، هەر لەو كاتەشەوە نەوتی هەرێم نرخەكەی هەرزان بووە كە حكومەتی ناوەندیی عیراق هەڕەشەی لێپێچینەوەی یاسایی لە هەر لایەنێك كردووە كە دەست بۆ نەوتی خاوی عیراق لە هەرێمی كورستان ببات.

بەپێی هەواڵەكە، هەرێمی كوردستان نزیكەی دوو ملیار دۆلاری لە كۆمپانیا ركابەرەكانی كۆمپانیای گلینكۆر Glencore plc قەرز كردووە وەك كۆمپانیاكانی Vitol و Petraco  و Trafigura  هەرێم لەبری پارە بە نەوتی خاو ئەو قەرزەیان دەداتەوە، هەموو ئەم كۆمپانیایانەش لەسەر بەرپرسیارێتیی خۆیان، خۆیان خستووەتە مەترسییەوە و پارەیان لە بانكەكان راكێشاوە و داویانە بە هەولێر.

لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا سودەكانی كۆمپانیای گلینكۆر لە بواری كانزا كەمی كردووە، كۆمپانیاكە دوا بازرگانە كە خۆی كردبێت بەناو گەمەكەی نەوتی هەرێمی كوردستان، ئەوەش بە پێدانی 300 ملیۆن دۆلار قەرز بە هەولێر، رێككەوتنەكەش وایە كە ئەو قەرزە هەموو مانگێك بە بارە نەوتێكی مامناوەند بدرێتەوە بە كۆمپانیاكە كە بەهاكەی دەگاتە نزیكەی 25 ملیۆن دۆلار.
وەك رۆیتەرز ئاشكرایكردووە، ئێستا كۆمپانیاكە بەدوای ئەوەوەیە پشكێكی زیاتر لە گەمەكە بۆخۆی بپچڕێ و هەوڵی ئەوە دەدات رۆڵی گەورەتری لە مەسەلەی نەوتی هەرێمی كوردستاندا هەبێت، كۆمپانیاكە ئەو كارە بە فرۆشتنەوەی بەڵگەنامەی قەرزەكانی دەكات و ئەگەر هەر كەسێك بیكڕێت پارەكەی لە داهاتی نەوتی كوردستان وەردەگرێتەوە.

بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی كە رەوانەی چەند وەبەرهێنەرێك كراوە كە تایبەتمەندن لە بواری گرتنەبەری مەترسیی گەورە و بازاڕە تازەپێگەیشتووەكان، لە رووی تەكنیكییەوە، ئەو پارەیە بەجۆرێك لە نەوتی هەرێمی كوردستان دەدرێتەوە كە وا باسی لێوە دەكرێت، سەرچاوەكەی نادیارە، واتە كۆمپانیای گلینكۆر بەرپرسیار نییە لەوەی ئەگەر هەر كێشەیەك لە دابینكردنی پارەكەدا دروست بوو.

دەوترێت كە كۆمپانیای گلیكۆر پێشبینی دەكات بگاتە رێككەوتنێكی پێنج ساڵی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی نەوتی هەرێم بفرۆشێت، بەجۆرێك كە فرۆشتنەكە مانگ بە مانگ زیاد بكات، لە مانگی كانونی دووەم لە فرۆشتنی یەك بارە نەوت بۆ دوو بار لە مانگی شوبات و ئازار و پاشان چوار بار لە مانگی نیسان تا دەگاتە شەش بار لە مانگەكانی داهاتوودا.

بەپێی رۆیتەرز، بەهای شەش كاروان و باری نەوتی هەرێمی كوردستان لە یەك مانگدا یەك لەسەر چواری هەموو هەناردەی نەوتی كوردستان و ئەگەر یەك بەرمیل نەوتی كوردیش بە 40 دۆلار بفرۆشرێت، ئەوا داهاتی ساڵانەی یەك ملیار و 700 ملیۆن دۆلار دەبێت و لە ماوەی پێنج ساڵیشدا داهاتەكە دەگاتە زیاتر لە هەشت ملیار.

كۆمپانیای گلینكۆر هیچ لێدوانێكی لەسەر ئەو بابەتە نەداوە و بەپێی راپۆرتەكەی رۆیتەرزیش ئەو پلانەی كە كۆمپانیاكە بۆ ماوی پێنج ساڵ دایناوە لەگەڵ هەرێم جێبەجێی بكات، ئاستی سودەكەی دەگاتە 12%، ئەمەش تەواو پێچەوانەی بنەماكانی وەرگرتنی قەرزە لە گرێبەستەكاندا رێژەی سود لەنێوان 2.5% بۆ 3.125%یە نەك 12% كە ئەمە رێژەیەكی زۆرە.



PM:04:29:25/12/2016