وەزارەتی پەروەردە بڕیار لەسەر خوێندنی پۆلی 12 لەسنوری سلێمانی دەدات‌

بە وتەی جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان، لە سنووری سلێمانی بڕیاری چارەكردنی گرفتی دواكەوتنی پرۆسەی خوێندن دراوە و بۆ پۆلی 12ـیش وەزارەتی پەروەردە بڕیار دەدات.

لەمبارەیەوە ئەحمەد گەرمیانی، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی وتووە، وەزارەتی پەروەردە دوای پرس و راوێژكردن بە یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، هەموو دەستەڵاتێكی داوەتە پەروەردەكان لە سنووری سلێمانی، بۆ ئەوەی گرفتی دواكەوتنی پرۆسەی خوێندن چارە بكەن، بۆیە هەموو پەروەردەكان لە سلێمانی لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە كۆبوونەوەیەكیان ئەنجام داوە و تێیدا باس لەوە كراوە كە جگە لە پۆلی 12ـی ئامادەیی، پۆلەكانی دیكە خوێندنی وەرزی یەكەمیان تاوەكو 11/3/2017بەردەوام دەبێت، لە 11/3 تاقیكردنەوەكانی وەرزی یەكەم دەكرێت و تاوەكو20/3 و لە 25/3 خوێندنی وەرزی دووەم دەست پێ دەكات تا كۆتایی مانگی 5 و لە كۆتایی مانگی 5 تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵ دەكرێت".

وتیشی، بۆ پۆلی 12ـیش كۆمەڵێك پێشنیاز دەخرێنە بەردەم وەزارەتی پەروەردە و ئەوان بڕیاری لەسەر دەدەن.

سەبارەت بە پێشنیازەكان، جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان ڕوونی كردەوە، پێشنیازێك هەیە كە تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ـی سنووری سلێمانی بخرێتە كاتی تاقیكردنەوەكانی خولی دووەمی كۆتایی ساڵ لەگەڵ هەولێر و دهۆك، كە ئەمە پێشنیازێكی باشە و دووەم پێشنیازیش ئەوەیە كە تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ دوا بخرێن، ئەمەش لە بەرژەوەندیی قوتابیانی سنووری هەولێر و دهۆكدا نییە".
باسی لەوەیش كرد، ئەو بڕیارە لە ئێستادا لە سنووری سلێمانی دراوە و دیار نییە هەڵەبجە و گەرمیان و ئیدارەی راپەڕین جێبەجێی دەكەن یاخود بڕیاری دیكەیان دەبێت.



PM:12:10:31/12/2016