وەزارەتی دارایی ڕێنمایی تایبەت بە خەرجکردنی ئەم پارەیەی دەرکرد

وەزارەتی دارایی و ئابووری، ڕێنمایی تایبەت بە خەرجکردنی دەرماڵەی هاندانی دەرکرد و تێیدا ئەو کەسانەی دەستنیشان کرد کە لە وەزارەتی پەروەردە دەرماڵەکەیان پێ دەدرێت.

بەپێی ڕێنمایی ژمارە 5ی وەزارەتی دارایی کە ڕۆژی چوارشەممە 11\1\2017 بە واژۆی ڕابەر سدیق، بریکاری وەزارەتی دارایی بە وەکالەت دەرکراوە، بڕیار دراوە: ”بە خەرج کردنی بڕی 150 هەزار دینار بۆ بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانە و مامۆستا و توێژەرە کۆمەڵایەتییەکانی قوتابخانەکان کە لە دەرەوەی سەنتەری پارێزگا و قەزاکان دەوام دەکەن"، بەڵام بۆ ئەوانەی لەناو سەنتەری قەزا و پارێزگاکاندا دەوام دەکەن، بڕی 100 هەزار دینار خەرج دەکرێت.

هاندانەکە تەنیا بۆ ئەو توێژانە خەرج دەکرێت و کەسانی تەنسیبکراو ناگرێتەوە، لە حاڵەتی سەرجەم مۆڵەتەکانیشدا دەرماڵەکە دەبڕدرێت، بەڵام بۆ مۆڵەتی ئاسایی و مۆڵەتی پێش لەدایکبوون کە 21 ڕۆژە، دەرماڵەکە خەرج دەکرێت.

بەپێی بڕگەی 6ی ڕێنماییەکە، دەبێت مامۆستا بەشە وانەی هەفتانەیان تەواو بکەن و بەپێچەوانەوە بۆ ماوەی مانگێک بۆیان خەرج ناکرێت، ئەم بڕگەیەش لە 15\1\2017ەوە جێبەجێ دەکرێت.

ئەوەش ئاشکرا کراوە کە دەرماڵەکە بە لیستێکی جیا خەرج دەکرێت و لە بەرواری 1\12\2016ەوە جێبەجێ دەکرێت، ”بە ڕەچاوکردنی خاڵی 6".



PM:04:19:12/01/2017