ئەمەریكا رێگە لەپەرلەمانتارێكی پارتی دەگرێت بچێتە ئەو وڵاتە

بەهۆی بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاوە سەبارەت بەقەدەغەكردنی گەشتكردنی هاووڵاتیانی عیراق و شەش وڵاتی دیكە بۆ ئەمریكا، ڤیان دەخیل ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ناتوانێت بۆ وەرگرتنی خەڵاتی بەرگریكردن لە مافەكانی مرۆڤ، بچێتە واشنتۆن.

لەوبارەیەوە ڤیان دەخیل ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاندوە "بڕیاربوو هەفتەی داهاتوو بۆ وەرگرتنی خەڵاتی (لانتۆس) بۆ بەرگریكردن لە مافەكانی مرۆڤ بەرەو واشنتۆن گەشت بكەم، بەڵام بەهۆی بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمریكاوە ناتوانم بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكە لە واشنتۆن ئامادە بم".

ناوبراو داواشی لە سەرۆكی ئەمریكا كرد ئاگاداربێت ژمارەیەك لە هاووڵاتیانی كەمینە لەو حەوت وڵاتە ئیسلامییە هەن كە بەدەست چەوساندنەوە دەناڵێنن و پێویستە رەوشی ئەوان لە بەرەچاو بگیرێت و لەو بڕیارەدا جیابكرێنەوە.

وا بڕیار بوو ڤیان دەخیل لە رۆژی 8ی مانگی شوباتی داهاتوو بەرەو ئەمریكا گەشت بكات و لەمیانی ئاهەنگێكدا لە واشنتۆن خەڵاتی لانتۆس-ی پێببەخشرێت.



PM:03:39:31/01/2017