گۆڕان سکاڵای لەسەر محەمەد حاجی مەحمود تۆمار کرد

بزوتنەوەی گۆڕان سکاڵای یاسایی لەسەر سکرتێری حیزبی سۆسیالیست تۆمارکرد، ئەوەش دوای کۆتایی هاتنی ئەو وادەیەی دەبو تێیدا بەڵگەکانی بخاتەڕو یان داوای لێبوردن بکات.

پێشینوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، بزوتنەوەی گۆڕان لەرێی پارێزەرانیەوە سکاڵای یاسایی لەسەر محەمەد حاجی مەحمود سکرتێری حیزبی سۆسیالیست تۆمارکرد، لەوبارەیەوە پارێزەر چێنەر عومەر لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسی راگەیاند؛ دوای ئەوەی ئەو بەڕێزە بزوتنەوەی گۆڕانی تۆمەتبار کرد بە بەشداربون لە کێڵگە و داهاتی نەوتی هەرێم، دو رۆژ مۆڵەتدرایە سکرتێری حیزبی سۆسیالیست بۆ ئەوەی ئەگەر بەڵگەیەکی هەیە لەسەر ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بیرە نەوتی هەبێت یان داوای لێبوردن بکات، ئێستاش دوای کۆتایی هاتنی ئەو وادەیە ئێمە لە دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی و بنکەی پۆلیسی بەختیاری لە شاری سلێمانی داوای یاساییمان تۆمار کرد.

وتیشی: "داوا یاساییەکە بۆئەوەیە، بەڕێز سکرتێری حیزبی سۆسیالیست سەرجەم بەڵگەکانی بخاتە بەردەم دادگا و بۆی بسەلمێنێت کە بزوتنەوەی گۆڕان لە چ بیر و چاڵە نەوتێک و تەنانەت گواستنەوەی نەوت و هەر موشتەقاتکی نەوتی پشکی هەیە و بەشدارە، بەپێچەوانەوە ئێمە هەمو رێکارێکی ئیستیسنائی و مەدەنی لێ داوا دەکەین".





PM:02:09:05/02/2017