وا بڕیارە مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆمەڵێک گۆڕانکاری بکات

ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە بەشداری هەردوو باڵی ( زۆرینە و ناوەند ) کۆدەبنەوەو بڕیارە کۆمەڵێک گۆڕانکاری بکەن.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە تاڵەبانی وەک پرسێکی سومبلی بەشداری دەکات، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی هەردوو باڵ بەشدار دەبن وا بڕیارە کۆمەڵێک گۆڕانکاری بکەن.

بە پێی زانیارییەکانی سپی، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی سیاسی هەرێم و عێراق دەکرێت و لەو چوارچێوەیەشدا پەیوەندیەکانی یەکێتی و پارتی، هەروەها کۆبوونەوەی ١/١١ نێوان مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە هەولێر کە هەردوو لا گەیشتبوونە کۆمەڵێک لێکتێگەیشتن لەسەر وەگەڕخستنەوە پەرلەمان و دەزگاکانی حکومەت باسیان لێوە دەکرێت.

سپی زانیویەتی، کۆبوونەوەکە دەبێت کۆمەڵێک بڕیاری تێدا بدرێت، بەتایبەتی تەواوکردنی گۆڕینی بەڕێوەبەری ئاسایشەکانی دەڤەری سەوز کە نزیکەی شەش بەڕێوەبەر دەبن و پێنج مانگ لەمەوپێش لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی بڕیاری لەسەر درا، بەلآم بە تەواوی " بەهۆی بێ متمانییەوە بەیەکتر" جێبەجێنەکراوە.

بە پێی ئەو زانیاریانە هەردوو باڵی زۆرینەو ناوەندی بڕیار جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەیان کردۆتە مەرج بۆ گەڕانەوەی متمانەی نێوانیان.

کۆبوونەوەی ئەمڕۆ هەریەک لە بەرهەم ساڵح و ئازاد جوندیانی بەشداری کۆبوونەوەکە ناکەن، هەرچی بەرهەم ساڵحە دەیەوێت لەبەر رۆشنایی دەرئەنجامەکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بڕیار بدات، ئازد جوندیانیش چەند رۆژێکە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لەیەکێتی ئاراستەی هەردوو جێگرەکە کردووە.



AM:10:30:11/02/2017