بۆ ماوەیەکی کاتی فرۆکەخانەی سلێمانی بەهۆی لادانی فرۆکەیەکەوە لە رێڕەوی خۆی داخرا.
تاهیر عەبدوڵا بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی لە لاپەڕەی تایبەتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بڵاویکردەوە " کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٤ی ئازاری ٢٠١٧، فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی مەلەکی ئوردونی لەکاتی نیشتنەوەیدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە ڕاڕەوی ئاسایی خۆی لایدا و دواتر بە دووری تەنها شەش مەتر لە فڕگەی سەرەکی بەبێ هیچ زیانێک وەستێنرایەوە".
لە درێژەی پۆستەکەیدا بەڕێوەبەری فرۆخانە نووسیوویەتی" ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێنەکەوتووەتەوە و سەرجەم تیمەکان لەو کاتەدا گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە".
ناوبراو ئاشکرای دەکات " لە ئێستادا فڕۆکەخانە ئاساییە، بەڵام بە شێوەیەکی کاتی ئاسمانی فڕۆکەخانەکەیان داخستووە بۆ سەلامەتی فڕۆکەکە و لابردنی لە شوێنی خۆی، تاوەکو بتوانن فڕۆکەخانەکە ئامادە بکەن بۆ نیشتنەوە و فڕینی فڕۆکەکە".