"نەوتی كەركوك لەلایەن بەشێك لەبەرپرسانی یەكێتی تەسلیم بەپارتی كرا"

سەرۆكی لیژنەی وزە و پیشەسازی و سامانەسروشتییەكان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: نەوتی كەركوك لەلایەن بەشێك لەبەرپرسانی یەكێتی تەسلیم بەپارتی كرا و پارتی كۆنترۆڵی لە 80% بەرهەمهێنانی نەوتی كەركوكی كردووە.

د.غالب محەمەد عەلی، سەرۆكی لیژنەی وزە و پیشەسازی و سامانەسروشتییەكان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە سپی ڕاگەیاند:" بارزانی لە گەڵ چەند بەرپرسێكی پارتی ‌سەردانی میحوەری ڕۆژئاوای كەركوكی كردووە، كەكەمال كەركوكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی سەرپەرشتیاری میحوەرەكە دەكات، سەردانەكەی بارزانی بۆ جێگیركردنی دوو هێزبووە كەیەكێكیان لەگوندی دركەی نزیك گێڵگەی نەوتی بای حەسەن جێگیركراوە و ئەوەی دیكەش لە چیای قەرەچوخ جێگیركراوە، كە بارەگای پەكەكە لەو ناوچەیەدایە".

 سەرۆكی لیژنەی وزە و پیشەسازی و سامانەسروشتییەكان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەش كرد: لەكاتی سەردانەكەی بارزانی بۆ توركیا، توركیا بەروون و ئاشكرا وتی باسی دوو بابەتمان كردووە كە نەوتی كەركوك و پەكەكەیە ، كەواتە جێگیر كردنی هێزێك لەنزیكی گێڵكەی بای حەسن بۆ پاراستی نەوتی دوو كێڵگەكەی كەركوكە ( بای حەسەن ، ئاڤانا ) كە رۆژانە 260 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و ڕوانەی توركیا دەكرێت، بەمەش دەتوانین بڵێین پارتی ئێستا كۆنترۆڵی لە 65% یەدەكی نەوتی كەركوكی كردووە ، هەروەها كۆنترۆڵی لە 80% بەرهەم هێنانی نەوتی كەركوكی كردووە ، ئەم كارەش بە پشتیوانی توركیا كردوویەتی چونكە پارتی و توركیا ترسی ئەویان هەیە كە لە ئان و ساتێك كۆنترۆڵیان بەسەر ئەو كێڵگە نەوتیانە نەمێنێت بە تایبەتی دوای شەری داعش .

 
لەسەر پرسی دووەم كە بارزانی لەگەڵ توركیا گفتوگۆی لەسەر كردووە، د.غالب ووتی: لە كاتی سەردانەكەی بارزانی بۆ توركیا ، دووەم بابەت باس كراوە ، ئەویش پەكەكەیە ، كەواتە لە سەردانەكەی بارزانیدا هێزێكی دیكەش لە چیای قەرەچوخ جێگیركراوە، كە بارەگای پەكەكە لەو ناوچەیەدایە بووونی هەیە ، بەمەش پارتی جارێكی تر وەڵامی خۆی دوپات كردووە بۆ توركیا ، بیر لەوە دەكاتەوە هەر چۆنێك بێت پەكەكە دور بخاتەوە لە هەرێمی كوردستان .

 ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو: هاتنی ئەم هێزەی پارتی بۆ پارستنی بەرژەوەندیەكانی كۆمپانیا سێبەرەكانی پارتیە وەك كۆمپانیا كار كە كاردەكات لە هەردوو كێڵگەی ئاڤانە و بای حەسەن ، هەروەها ناردنی پەیامێكە بۆ یەكیتی و لایەنەكانی تر كە پارتی دەست بەرداری نەوتی كەركوك نابێت .

لەكۆتایدا د.غالب وتیشی: دەبێت ئەوە بزانین كەنەوتی كەركوك لەكاتی هاتنی داعش لەلایەن بەشێك لەبەرپرسانی یەكێتی تەسلیم بەپارتی كرا، ئەگینا پارتی نەیدەتوانی كۆنترۆڵی كێڵگەكانی ئاڤانا و بای حەسەن بكات، كەواتە دەبێت ئێستا یەكێتی و لایەنەكان بە هەموو توانیان نەهێڵن كە پارتی هێز بێنێت بۆ كۆنترۆڵ كردنی نەوتی كەركوك ئەگینا دوای چەند مانگێكی تر كەركوكیش وەك هەولێر داگیر دەكرێت لەلایەن پارتی.



AM:10:05:13/03/2017