پارتی ڕاگەیەندراوێکی لەسەر پەکەکە و ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە

پارتی ڕاگەیەندراوێکی لەسەر پەکەکە و دۆخی شنگال بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند "پەکەکە بەبێ هیچ پاساوێک هەڵدەکوتێتە سەر بارەگای حزبەکان و تاڵانیان دەکات".

مەکتەبی سیاسی پارتی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ 15/3 دەڵێت "بە نیگەرانییەکی زۆرەوە هەواڵی بارگرژییەکانی دروستكراوی ده‌ستی لقه‌كه‌ی په‌كه‌كه‌ له‌ رۆژئاوای کوردستان دەبیستین، کە دیکتاتۆرانە ڕەفتار دەکات و بە زۆرە ملێ و هێزی چەک و تۆقاندن خۆی سەپاندووە و هەموو حزب و رێکخراوە سیاسییەکانی خستۆتە ژێر ئیرهابی فیکری و سیاسییەوە".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەشهاتووە "پەکەکە لە ڕۆژئاوا سەرکردایەتی و ئەندامان و لایەنگرانی حزبەکان راوەدوو دەنێ و زیندانەکانی پڕ کردووە لە خەباتگێڕانی کورد و گشت چالاکییەکی سیاسی قەدەغە کردووە و به‌بێ‌ هیچ پاساوێك هەڵدەکوتێتە سەر بارەگاکانیان و تاڵانیان دەکات و دەیانسوتێنێ، ئێمه‌ لە پارتی دیموكراتی كوردستان وێڕانی نیگەرانی زۆرمان، ئه‌م  جۆره‌ ره‌فتارانه‌ به‌ توندی ئیدانه‌ و مه‌حكوم ده‌كه‌ین".

پارتی لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت "پەکەکە لە رۆژئاوا لەژێر ناوی پەیەدەدا هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و ئەندامی حزبه‌كانی ئەنەکەسە و هەر حزبێکی تری غەیری پەکەکە بە تاوان لە قەڵەم دەدات و بە فیکر و رەفتار دژی هەموو بەها و دروشمێکی کوردستانی و سەربەخۆییخوازییە و دەستی لەگەڵ هەموو ئەو پرۆژە ئیقلیمییانە تێکەڵ کردووە کە رێ لە بە ئاوات گەیشتنی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی کوردان دەگرن و تەنانەت بۆتە هێزی تەحتەلتەڵەبی ئەو پیلانانە".

لە ڕاگەیەندراوەکەی پارتیدا ئاماژە بەوەشکراوە "ئەم رەفتارانەی کە پەکەکە بە ناوی پەیەدەوە دەیانکات جگە لە قۆرخکردنی کایەی سیاسی و هەموو شێوازەکانی چالاکی مەدەنییانە و دیموکراسی، هەروەها  دژایەتییەکی رووهەڵماڵراوە بەرانبەر خەباتی چەندین ساڵەی گەلی کوردی خۆڕاگر لە رۆژئاوا لەپێناوی مافە رەواکانی".

پارتی دەشڵێت "پەکەکە سەفەقاتی ژێربەژێرانەی موخابەراتی لەگەڵ رژێمه‌كانی ناوچه‌یی دەکات و خۆی دەکاتە بەشێک لە پیلانێکی ئیقلیمی ئەنجام نادیار،  قوربانیدانی کوردان و خوێنی هەموو ئەو گەنجە دلێرانە بە فیرۆدەدات کە لە شەڕی دژی تیرۆریستان  و لەپێناوی ئازادکردنی خاکی کورداندا گیانیان بەخت کرد".



PM:04:56:15/03/2017