حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد کە لەدوای مانگی شەشەوە
پێداچوونەوە بە مووچەی فەرمانبەراندا دەکرێت.
د.ئاراس خۆشناو سەرۆکی سەنتەری زانیاریی و لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی
لەئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی وتووە "بەھۆی
چاکسازییەکانی حکومەت لەبواری دارایی و ئابوری و پێداچونەوە بەسیستمی باج و گومرگ،
داھاتەکان بەتایبەتی خەرجییەکانی ناوخۆ بەبێ داھاتی نەوت بەڕێژەی لە٢٥%
زیادیکردوە، لەبەرئەوەی حکومەت خەرجییە بەکاربەرەکانی کەمکردۆتەوە بەڕێژەی لە٣٠%".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە "ھەوڵەکانی حکومەت بەتایبەتی بۆ
دوای نیوەی ساڵی ٢٠١٧ ئەوەیە پێداچونەوە بکات بەسیستمی موچەی فەرمانبەراندا، چونکە
ئەولەویەتی حکومەت ئەوەیە پێداچونەوەو قەرەبوی فەرمانبەران و زیانلێکەوتوان
بکاتەوە".
ئەوەشی ڕاگەیاند، بڕیارە حکومەت لەمساڵدا پێداچونەوە بەکۆی پرسە
داراییەکاندا بکات و شێوازێکی دیکە بۆ گۆڕانکاریی لەموچەی فەرمانبەراندا
دەبینێتەوە، ئینجا پاشەکەوت کەمدەکاتەوە واتە شێوازێکی دیکە دەدۆزێتەوە، گرنگ
ئەوەیە گۆڕانکاری بەسەر موچەدا دێت.