ماڵپەڕی سەرەكی پەروەردەی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند "ئەمڕۆ دووشەمە دەستكرا بە دابەشكردنی پارەی هاوكاری رێكخروی (GIZ)ی ئەڵمانی بەسەر مامۆستایاندا لە سنوری شارباژێڕ"
ئاماژەی بەوەشداوە ئەم پرۆسەیە بۆ یەك جارە و ئەو مامۆستایانەی هاتووچۆی ناوچە زۆر دوورەكان دەكەن بڕی ٣٠٠ دۆلاریان پێدەدرێت و ئەوانەشی لەناوچە دوورەكانن بڕی ٢٢٥ دۆلاریان پێدەدرێت.
هەروەها لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتوە "بڕە پارەی تەرخانكراو یەك ملیۆن و ٧٢٤ هەزار و ٥٠٠ دۆلارە و ژمارەی ئەو مامۆستایانەی سودمەند دەبن بریتییە لە حەوت هەزار و ٢٥٥ مامۆستا".
لەدرێژەی ڕاگەیەنراوەكەدا خشتەی دابەشكردنی پارەكە خراوەتە ڕوو كە بەم شێوەیەیە
یەكەم: دەستپێك لە بنكەی شارباژێر بۆ هەموو ئەو مامۆستایانەی لەسنوری پەروەردەی شارباژێڕ و دووكانن ئەمرۆ دابەشكرا.
دووەم: لە بنكەی پەروەردەی چەمچەماڵ رۆژی ١١ی مانگ واتە سبەینێ دەبێت.
سێیەم: لە بنكەی پەروەردەی دەربەندیخان رۆژی ١٢ی مانگ دابەشدەكرێت كە پەروەردەكانی گەرمیان و شارەزوور و قەرەداغ و دەربەندیخان لەخۆ دەگرێت.
چوارەم: بنكەی سەیدسادق لە رۆژی ١٣ی مانگدا دەبێت كە پەروەردەكانی سەیدسادق و پێنجوێن و هەڵەبجەی شەهید لەخۆدەگرێت.
پێنجەم: بنكەی رانیە لە رۆژی ١٥ی مانگدا كە هەردوو پەروەردەی ڕانییە و پشدەر دەگرێتەوە.