ئاژەڵداری لە سلێمانی قەدەغە دەكرێت


قایمقامی سلێمانی ڕایگەیاند بەخێوكردنی ئاژەڵ لەناو شاری سلێمانی قەدەغە دەكرێت و لەبارەی زیادەڕەویەكانی شاری سلێمانیش ئاشكرایكرد كە هەڵمەتەكە بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەمە بەرواری 13ی نیسان ئاوات محەمەد، قایمقامی قەزای ناوەندی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئاژەڵداری سیمایەكی ناشرینی بە شاری سلێمانی بەخشیوە و بەخێوكردنی ئاژەڵ لەناو شار قەدەغە دەكەن و یەك هەفتەش مۆڵەت دەدرێتە خاوەن گەوەڕەكان بۆ دورخستنەی ئاژەڵەكان لەناو شار و بە پێچەوانەوە ڕێكاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر".

لەبارەی ڕێكخستەوەی ناوشارەوە وتی "هەڵمەتەكەمان دژی كەس نیەو بەردەوام دەبین و هەوڵدەدەین بازاڕی میللی لە ناوشار بۆ كاسبكاران دروست بكەین".

وتیشی "بازاڕەكە بەهیچ جۆرێك مامەڵەی كڕین و فرۆشتن و بەكرێدانی پێوە ناكرێت و تەنها بۆ ئەو كەسانەیە كە هیچ كارێكی تریان نیە".
سەبارەت بە كێشەی ئاو قایمقامی سلێمانی ڕایگەیاند "بەهۆی زیادەڕۆیی هاوڵاتیانەوە ڕێژەی لەدا 35-50ی ئاو بەفیڕۆ دەچێت و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارمانداوە تیمێك دروست بكەین بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە".

كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكە پاش ئەو كۆبوونەوەیە هات كە قایمقامی سلێمانی لەگەڵ فەرمانگە خزمەتگوزاریەكانی سلێمانی ئەنجامیدا بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێكی خزمەتگوزاری شار.



PM:01:40:13/04/2017