ئێران، روسیا و تورکیا لەسەر دروستکردنی ناوچەی ئارام لە سوریا ڕێککەوتن

لە درێژەی كۆبوونەوەكانی ئەستانە، ئەمرۆ هەریەك لە روسیا، توركیا‌و ئێران لەسەر دروستکردنی ناوچەی ئارام لە چوار ناوچەی سوریا ڕێککەوتن.

 گەڕی چوارەمی دانوستانەکانی تایبەت بە قەیرانی سوریا لە ئەستانە ئەمرۆ کۆتایی هات و ڕوسیا و تورکیا و ئێرانیش ڕایانگەیاند، لەسەر دروستکردنی ناوچەی ئارام لە سوریا ڕێککەوتوون و بەپێی رێکەوتنەکە  ناوچەی ئارام لە پارێزگای ئیدلب و دەوروبەری دیمەشق و درعا و حمس دروست دەکرێت.

ئاماژە بەوەکراوە، بەپێی رێکەوتنەکە چوار ناوچەی ئارام لە سوریا دروست دەکرێن و هەر یەک لە روسیا و ئێران و تورکیا سەرپەرشتی دروستکردنی ئەو ناوچانە دەکەن.

هەر سێ وڵاتیش ئاماژەیان بەوەکردووە، کە رێککەوتوون لەسەر پاراستنی سەروەری خاکی سوریا  و چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا بەپێی بڕیاری ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایش دەبێت.

هەروەها هەر ئەمرۆ ئۆپۆزسیۆنی سوریا دژی بەشدارکردنی ئێران  هۆڵی کۆبوونەوەکانی جێهێشتووە وەک ناڕەزاییەک.



PM:04:23:04/05/2017