وەزیری تەندروستی چەند رێنومایی گرنگ بۆ مانگی رەمەزان دەردەکات

وەزیری تەندروستی بۆ مانگی رەمەزان ئامۆژگاری و رێنومایی هاوڵاتیان دەکات و دەڵێت" ڕۆژووگرتنی منداڵان لەلایەنی تەندروستی و پزیشکیەوە گونجاو و ڕێگەپێدراو نی یە ، نابێت فشاریان لەسەر بکرێت بەتایبەتی لەم مانگەدا کە ماوەی ڕۆژووگرتن زیاتر لە ۱٦ کاتژمێرە".

د. رێکەوت رەشید وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم لە پەیامێکدا بە بۆنەی هاتنی مانگی رەمەزانەوە دەڵێت" لەکاتی پارشێوو و بەربانگ دا ، ڕەچاوی خواردنی تەندروست بکەن کەبەدرێژایی ئەو مانگە لە لایەن پزیشکان و دەزگا تەندروستی و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن باسی لێوە دەکرێت".

ده‌قی‌ په‌یامه‌كه‌ی‌ وه‌زیری‌ ته‌ندروستی‌:

مانگی ڕەمەزانتان پیرۆز ... هیوای مانگێکی بەختەوەر و تەندروست و پڕ لە سۆز و میهرەبانی بۆ هەمووان دەخوازین 
هاووڵاتیانی خۆشەویست .... 
بەڕۆژوبوون لەمانگی پیرۆزی ڕەمەزان ئەرکێکی ئایینی پیرۆزە بۆ ئەو کەسانەی لەڕووی جەستەیی و عەقلیەوە گونجاو و ئامادەن ئەو ئەرکە جێبەجێ بکەن بەڵام ڕەچاوکردنی ئامۆژگاری و ڕێنماییە پزیشکی و تەندرووستیەکانیش ئەرکێکی گرنگە بۆ پاراستنی تەندروستیمان هەروەک لە فەرموودە ئاینیەکاندا هاتووە پاراستنی تەندروستی جەستە ئەرکە لەسەر هەر تاکێک . 
لەم مانگە پیرۆزە دا ڕێنمایی هاووڵاتیان دەکەین :_
۱. لەکاتی پارشێوو و بەربانگ دا ، ڕەچاوی خواردنی تەندروست بکەن کەبەدرێژایی ئەو مانگە لە لایەن پزیشکان و دەزگا تەندروستی و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن باسی لێوە دەکرێت ، خواردنی هاوسەنگ و زیادکردنی خواردنەوەی ئاو و شلەمەنی و سەوزە و میووە لە دوای بەڕبانگ و ڕۆژوو شکاندن پیویستە
۲. کەسی نەخۆش هەروەک لە فەرموودە ئاینیەکان مۆڵەتی پێدراووە بەڕۆژوو نەبێت ، لەلایەنی پزیشکیشدا نابێت بەبێ ڕاوێژ و ڕێنمایی پزیشکی تایبەت بڕیاری ڕۆژووگرتن بدات لەپێناو پاراستنی ژیان و تەندروستی خۆی ، بەتایبەتی ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنی قورس و کۆنتڕۆڵ نەکراویان هەیە وەک شەکرە، نەخۆشیەکان و پەککەوتنی گورچیلە و دڵ لەگەڵ برینی گەدە و شێرپەنجە ... 
هەروها نابێت هیچ دەرمانێک کە لەلایەن پزیشکەوە بۆتان داندراووە بەبێ ڕاوێژی پزیشک کەمی بکەنەوە یاخود ڕایبگرن 
۳. ڕۆژووگرتنی منداڵان لەلایەنی تەندروستی و پزیشکیەوە گونجاو و ڕێگەپێدراو نی یە ، نابێت فشاریان لەسەر بکرێت بەتایبەتی لەم مانگەدا کە ماوەی ڕۆژووگرتن زیاتر لە ۱٦ کاتژمێرە و ئەگەری ووشکبونەوە و زیانە تەندروستیەکان زیاتر دەبێت بەتایبەت بۆ ئەو منداڵانەی گرفتی گەشەیان هەیە ، یان لاواز و کێشیان کەمە یان هەرجۆرە نەخۆشیەکیان هەیە.
بەهیوای مانگێکی پڕ بەرەکەت و بەختەوەر و تەندروست بۆ هەمووان.



AM:10:08:27/05/2017