وادەی پڕکردنەوەی شوێنەکەی نەوشیروان مستەفا ڕاگەیەندرا

ڕۆژنامەی ڕووداو ڕایگەیاند کە بزووتنەوی گۆڕان تا وەک ودوای چلەی نەوشیروان مستەفا، قسە لەسەر پرکردنەوە و شوێنگرتنەوەی نەوشیروان مستەفا ناکەن

لەو بارەیەوە رەئوف عوسمان، سكرتێری جڤاتی گشتی گۆڕان بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە "تاوەكو ئێستا هیچ وەسیەتێك نییە كە چۆن پۆستی رێكخەری گشتی پڕبكرێتەوە، بەڵام گۆڕان خاوەنی جەماوەرێكی زۆرە و دامەزراوەی تۆكمەی هەیە، بۆیە چاوەڕێی هێوربوونەوەی دۆخەكە و تێپەڕاندنی ئەو حاڵەتە عاتفییە دەكەین كە بەهۆی پرسەی كاك نەوشیروانەوە دروستبووە".

رەئوف عوسمان ڕاشیگەیاندووە "ئەو كەسەی دەبێتە رێكخەری گشتی ئەركی ئاسان نییە، نەك لەبەر ئەوەی كە رێكخەری پێشوو كۆچی دوای كردووە، بەڵكو دۆخی هەرێمی كوردستان شلۆقە و چەندین قەیرانی سیاسی، یاسایی و ئابووری هەن و بەرەنگاربوونەوەی ئەم دۆخە ئاسان نییە".

هەروەها ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە "تا دوای چلەی كاك نەوشیروان گۆڕان هیچ بڕیارێك نادات، لەبەر حورمەت و شكۆی ئەو پیاوە جوان نییە ئێمە پەلە بكەین لە پڕكردنەوەی شوێنەكەی، تاوەكو ئێستاش قسە لەسەر ئەو پرسە نەكراوە".



AM:11:04:29/05/2017