كۆمسیۆن ئاماری دەنگدەرانی هەرێم ئاشكرا دەكات

وتەبێژی کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ”بەپێی ئاماری بەدەست"، سێ ملیۆن و 500 هەزار هاوڵاتی مافی بەشداریکردنیان لە ھەڵبژاردنی داھاتووی کوردستاندا هەیە".

رۆژی دووشەممە 29.5.2017، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا دوای کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و حزبە سیاسییە کوردستانییەکان، شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمسیۆن رایگەیاند، کۆمسیۆن ”دەتوانێ بەبێ پەرلەمان ڕیفراندۆم ئەنجام بدات".

شێروان زرار هەروەها رایگەیاند، کە کۆمسیۆن چوار پەیڕەوی ئامادە کردووە و بۆ لایەنە سیاسییەکانی ناردووە تاوەکو بۆچوون و سەرنجی خۆیان لەسەری بنووسن و لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا حزبەکان سەرنجەکانی خۆیان لە رێی نوێنەرەکانیانەوە خستەڕوو.
هەروەک شێروان زرار رایگەیاند، ئەرکی کۆمسیۆنە ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بکات و ”حکوومەتیش جدییە لەم پرۆسەیە، ئەگەرنا بودجەی تەرخان نەدەکرد".

کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی حزبە سیاسییەکان دەکات بۆ پێشکەشکردنی پرۆژەیەک بۆ شێوازی هەڵبژاردن و ”تا ئێستا" پەیڕەوی لیستی نیمچە کراوە دەکرێت و ”ئەگەر حزبە سیاسییەکان داوابکەن جۆری سیستەمەکە چۆن بێت، دەبێت داواکاری پێشکەش بکەن، بەڵام تائێستا بەفەرمی ئەوە نەکراوە".

 کۆمسیۆن داوای لە وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش کردووە، کە ”ئاماری مردووان"ی بۆ بنێرێت تاوەکو پاکسازی لە لیستی دەنگدەراندا بکات و  گوتەبێژی کۆمسیۆنیش رایگەیاند، ”بەپێی ئاماری بەدەست"، سێ ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی مافی بەشداریکردنیان لە ھەڵبژاردنی داھاتووی کوردستاندا هەیە".



PM:02:32:29/05/2017