هاوڵاتیان لە مەترسییەک ئاگادار دەکرێنەوە

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی ھاوڵاتیان لەبەکارھێنانی ئاوی تانکەرەکان ئاگاداردەکاتەوە کەمەترسییە بۆ تووشبوون بە کۆلێرا

سەربەست عوسمان بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی سلێمانی، بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی وتووە "بەھۆی ئەوەی ئاو وەک ھۆکارێکی سەرەکی بۆ توشبوون بەنەخۆشی کۆلێرا دیاریکراوە وەک بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی سەرجەم ئامادەکاریەکانمان بۆ ئەو مەبەستە گرتووەتەبەر، لەگەڵ قائمیقام و بەڕێوبەری تەندروستی سلێمانی گفتوگۆمان لەبارەی ئامادەکاریەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیەکانی نەخۆشی کۆلێرا کردووە، تەئکیدکراوەتەوە لەگرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی تەندروستی ھاوڵاتیان"

روونیشی کردووەتەوە"فەرمانگەی ئاوی سلێمانی بەھاوکاری تەندروستی سلێمانی پشکنینی بۆ ئەو ئاوە دەکات کەلەڕێگەی بەلۆعەوە دەگاتە ماڵەکان، تائێستاش ھیچ مەترسیەک لەسەر ئەو ئاوە تۆمارنەکراوەو لەکاتی بوونی مەترسیش لەسەر ئاوی ماڵان ھاوڵاتیان ئاگادار دەکەینەوە".

جەختیش دەکاتەوە کە پێویستە ھاوڵاتیان لەپاکی ئەو ئاوە دڵنیابن کەلەڕێگەی تەنکەری ئاو یاخود لەڕێگاکانی دیکەوە دەستیان دەکەوێت و تاوەکو پشکنینی بۆ نەکرێت بۆ خواردنەوە بەکاری نەھێنن.



PM:10:16:10/06/2017