حكومەتی هەرێم دەكەوێتە ژێر باری قەرزێكی دیكەوە

هەرچەندە قەرزەكانی حكومەتی هەرێم نزیكەی 30 ملیار دۆلارە و بە وتەی پارلەمانتارێك بەنیازی قەرزكردنی یەك ملیارو 200 ملیۆن دۆلاری دیكەیە.

عەلی حەمە صاڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان لەپێگەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە "هەرچەندە حكومەتی هەرێم نزیكەی 30 ملیار دۆلار قەرزارە‌، ئێستا بە نیازی یەك ملیارو 200 ملیۆن دۆلار قەرزی  دیكەیە".

عەلی حەمە ساڵح دەڵێت "بەپێی زانیارییەكانمان، حكومەتی هەرێم خەریكی گفتوگۆكردنی لەگەل بانكی FMO - Dutch development Bank - PPP بۆ وەرگرتنی قەرز بۆ پرۆژەیەكی شراكە".

ئاشكراشی كردوە " بۆ ئەم مەبەستە بڕیارە بەرپرسانی حكومەتی هەرێم لە چەند ڕۆژی ئایندەدا لە لاهای ـ هۆلندا، گفتوگۆ لەسەر ئەم پرۆژەیە بكرێت بۆ ئەم قەرزو پرۆژە هاوبەشە، بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان."

ڕوونیشی دەكاتەوە " قەرزاركردنی خەڵكی هەرێمی كوردستان بە بڕی 30 ملیار دۆلارە، داناغاز دەیەوێت لە مانگی ئەیلول 26.5 ملیار دۆلاری دیكە بباتەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ ئەم قەرزە زیاد دەبێت و بەو هۆیەوە ئایندە و ئێستای هەرێمی كوردستانیان خستووەتە مەترسییەكی گەورەوە."

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان دەڵێت " ڕۆژ بە ڕۆژ.. بێ بیركردنەوە ئەم بەناو حكومەتە كوردستان دەخاتە تاریكی، هەموو ڕۆژێك قەرزكردن و بەبێ بیركردنەوە لە ئایندە، مەترسی ئێجگار گەورە دەخولقێنێت."



PM:02:21:15/06/2017