مەریوان وریا قانع لێدوانەکانی بارزانی بە مەترسیدار دەزانێت

د. مەریوان وریا قانیع، لە نووسینێکی کورتدا و لەژێر ناونیشانی 'وەڵامە ترسناکەکەی بارزانی: قەیناکات با میلەتی ئێمە لە برسا بمرێت' تێڕوانینی خۆی خستوەتەڕوو بەرامبەر چاوپێکەوتنێکی مەسعود بارزانی کە لەگەڵ گۆڤارێکی ئینگلیزیدا ئەنجامی داوە.
 
مەریوان وریا قانیع، کە نووسەرێکی ناسراوی کوردی دانیشتووی ئەمستردامی هۆڵەندایە و لەهەمان شار مامۆستای بەشی سیاسەتی نێودەوڵەتییە لە یەکێک لە زانکۆکان، لە نووسینێکی کورت لەسەر هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک تێڕوانینی خۆی سەبارەت بەو چاوپێکەوتنەی بارزانی خستووەتەڕوو کە لە گۆڤاری فۆرمپۆلیسی بڵاو کراوەتەوە.
 
مەریوان سەرەتای نووسینەکەی بەم شێوەیە دەستپێدەکات: لەم چاوپێکەوتنەدا کە لینکەکەی لە خوارەوە دانراوە، گۆڤاری فۆرمپۆلیسی کۆمەڵێک پرسیار لە بارزانی دەکات کە بەبۆچوونی من سیان لەو پرسیارەکان گرنگن و پرسیاری خەڵکی کوردستانیشن، ئەوەی مایەی نیگەرانییەکەی گەورەیە وەڵامەکانی بارزانین بەو سێ پرسیارە، دوو وەڵامیان تەواو ترسناک و نابەرپرسیارانەیە و سێھەمیشیان تەواو خورافیی و کۆمیدییە، قسەکانی تری بارزانی لەم چاوپێکەوتنەدا ئینشانووسییەکی تەواوە، ھاوکات نمایشکردنی خۆیەتی وەک کەسێک کە گوایە بۆ ئەوە لەدایکبووە سەربەخۆیی بۆ کوردستان دەستەبەر بکات. ئەمەش سێ پرسیارە گرنگەکە و وەڵامەکانی بارزانی:
 
لە بارەی پرسیارەکەوە مەریوان پرسیاری گۆڤارەکەی بە تەواوی نووسیوەتەوە کە لە پرسیارەکەدا هاتووە 'باشە ئێوە ئابوریی وڵاتەکەتان تەواو پشتی بە وڵاتانی دراوسێتان بەستوە، ئایا تۆ ھیچ پلانێکت ھەیە بۆئەوەی متمانەی ئەو دراوسێیانە ببەیتەوە؟ ئاگات لێیە قەتەر چی لێھات کاتێک دراوسێکانی دەرگایان بەڕوویدا داخست؟ ئەگەر دەرگایان بەسەر تۆدا داخست چی دەکەیت؟'
 
 مەریوان دەنووسێت: بارزانی وەڵامێکی تەواو ترسناک و دوور لە لانی ھەرەکەمی عەقڵانیەت و بەرپرسیارێتیی سیاسیی و ئەخلاقییەوە ئەداتەوە. بارزانی دەڵێت "دەمەوێت ھەم بە تۆ و ھەم بە ھەموو دونیا بڵێم ئێمە ئەوەمان پێمان باشترە لە برسا بمرین نەک لە دۆخی چەوساندەنەوە و داگیرکردندا بژین، ئەگەر ئێمە لە ریفراندۆمدا بە بەڵێ وەڵامماندایەوە و کاردانەوەی دراوسێکانمان گەمارۆدانی ئێمەبوو، قەیناکات با خەڵکەکەی ئێمە بمرن، ئەوە 'سەربەرزیی'ەکی گەورە دەبێت بۆ جیھان کە لێبگەڕێن خەڵکی ئێمە لەبرسا بمرن".
 
هەروەها دەشنووسێت: بەمانایەکی دیکە بارزانی باکی بەوە نییە میلەتی ئێمە لە برسا بمرێت لە پێناو حەزی ئەودا بۆ سەربەخۆیی، ھەمووشمان ئەو ڕاستییە سادەیە دەزانینن ھەرکەسێک لە کوردستاندا لە برسا بمرێت، بارزانی خۆی و بنەماڵەکەی نامرن.

لەبارەی پرسیاری دووەم، مەرویان پرسیارەکە دەنووسێتەوە کە بریتییە لە 'باشە ھێزە دەرەکییەکان دژی ئەم ریفراندۆمەی ئێوەن، لەوانە ئەمریکا و تورکیا، ئایا ئەم ریفراندۆمە چ ھێزێک بەتۆ ئەدات کە تۆ ئێستا نیتە؟'
 
لە بارەی وەڵامی بارزانی بۆ گۆڤارەکە مەریوان نووسیوەتی: وەڵامی بارزانی بەم پرسیارە وەڵامی کەسێکە ئاگای لە دونیا نەبێت و لەچەند مانگی ڕابردوودا لە ژوورەکەی خۆی نەھاتێبتە دەرەوە، بارزانی ئەڵێت "ھیچ وڵات و ئەکتەرێکی نێودەوڵەتی نەیگوتوە ئێمە دژ بە ریفراندۆمین، بەڵکو وتویانە لەوانەیە کاتەکەی باش نەبێت، یان لەوانەیە کێشە دروستبکات"، ئەم بێئاگاییە ترسناکەی بارزانی لەدونیای دەرەوە شوێنی سەرسوڕمانە، لەڕاستیدا بارزانی چاوی لە ئاستی کاردانەوەی دەوڵەتان دەنووقێنێت و خۆی چۆنی پێخۆشە ئەو شتانە دەداتە پاڵ ھێزە دەرەکییەکان، ئاخر کەسێک خۆی بەھەڵەدا نەبات دەزانێت ئەمریکا و روسیا و ئەڵمان و بریتانیا و فەرەنسا چ ھەڵوێستێکیان ھەبووە و چیان وتوە، ئەم وڵاتانە ھەموویان بە زمانێکی ساف و بێگرێوگۆڵ، بە ئاشکرا و لە کەناڵە فەرمییەکانیانەوە، وتویانە ئەوان لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی عێراقدان و دژ بە ھەر پرۆژەی دابەشکردنی ئەو وڵاتەن.
 
بۆ پرسیاری سێیەمیش کە بریتییە لە "ئایا ئێوە ئەم دەوڵەتە چۆن دروستدەکەن؟" 
مەریوان لەبارەی وەڵامەکەی بارزانی دەنووسێت: بارزانی لە وەڵامدا دەڵێت "ئێمە دژی بەکارھێنانی توندتویژین، ئێمە دەمانەوێت سەربەخۆیی لەرێگای دیالۆگ و موفاوەزاتەوە بەدەستبھێنین".
 
لێرە بەدوا مەریوان زۆر ڕاشکاوانەتر تێڕوانینی خۆی دەخاتەڕوو و دەڵێت: "مرۆڤ کە گوێی لەم قسانەی بارزانیی دەبێت گومان دەکات ئەم پیاوە بزانێت لە چ بەشێکی دونیادا دەژیی، ئاخر کەسێک بە سەفەریش ڕێکەوتێبتە ئەو ناوچەیەوە دەزانێت ئەم ڕوانینە بۆ دروستکردنی دەوڵەت و بەدەستھێنانی سەربەخۆیی لەم بەشەی دونیادا تەواو سەتحیی و خورافییەیە، چ عاقڵێک چاوەڕوانیی ئەوەی لە حکومەتەکانی ئەم ناوچەیە ھەیە، بەوەی بەغداشەوە، لەرێگای موفاوەزات و دیالۆگەوە بەوە ڕازیبن لەت ببن و نەخشەکەیان دەسکاری بکرێت، ئەم جۆرە ڕوانینە نەک تەنھا خورافییە، بەڵکو لە خورافیش ئەولاترە.

 لە کۆتاییشدا دەڵێت، "بەکورتی ئەم چاوپێکەوتنە نیشانیئەدات بارزانی لە چ دونیایەکی سیاسیی و تاکەکەسیی پڕ لە وەھم و خورافەت و لەناو چ بەدحاڵیبوون و سەرلێشێوانێکی گەورەدا دەژیی، کێ ھەیە ئامادەبێت لەپێناوی ئەنجامدانی ریفراندۆمێکدا باکی بەوە نەبێت میلەتەکەی لە برسا بمرێت؟".


AM:10:43:16/06/2017