كەسێك لەناو ئاسایشدا بە مادەی هۆشبەرەوە دەستگیردەكرێت

ئاسایشی ڕاپەرین ئاشكرایدەكات تۆمەتبارێكیان دەستگیركردووە كە ویستویەتی مادەی هۆشبەر بباتەوە ناو زیندانی ئاساییشەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ڕاپەڕین، لە ڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ "سپی" نێردراوە ڕایگەیاندووە "هێزەكانمان لە هۆبەی بەندینخانەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین توانیان تۆمەتبارێك دەستگیربكەن، كە بەمەبەستی سەردانی كردنی زیندانیەك دەیویست نزیكەی 5 گرام مادەی هۆشبەر لە ڕێگای جل و بەرگەوە بگەیەنێتە یەكێك لە زیندانیەكان".

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو تۆمەتبارەدا و لە دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی ڕانیە، بەشی ماددەی هۆشبەرەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ڕاپەڕین توانیویەتی بە هاوكاری یاریدەدەرێتی ئاسایشی چوارقوڕنە دوو باندی تر دەستگیر بكەن كە سەرجەمیان 5 كەسن.

بەپێی ئەو ڕاگەیاندراوەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ڕاپەڕین، 65 پارچە حەبی ترامادۆڵی ئەو دوو باندە 5 كەسییە لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە دەستی بەسەرداگیراوە لەگەڵ بڕێك ماددەی گوماناوی كە لە ئێستادا لەپشكنینە بۆ ساغبونەوەی جۆری ماددەكە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو تۆمەتبارانە بەپێی ماددەی 14ی موخەدەرات ڕاگیركراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.



PM:02:49:19/06/2017