ئیدارەی گەرمیان: دەست لەکارکێشانەوەی قایمقامی کفری بەھۆی داواکردنی پۆستەوە بووە

دوای ئەوەی قایمقامی کفری بە وەکالەت لە ڕێگەی نووسراوێکەوە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند، ئێستا ئیدارەی گەرمیان ڕوونکردنەوەیەکی لەم بارەیەوە بڵاو کردووەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 20/6/2017، ئیدارەی گەرمیان ڕووکردنەوەیەکی بڵاو کردووەتەوە ‌و  باس لەوە دەکرێت،  کە دەست لەکارکێشانەوەی قایمقامی قەزای کفری، "بەھۆی داواکردنی پۆستی جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانەوە بووە، نەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری".

دەقی ڕوونکردنەوەکە:

روونکردنەوە‌ی ئیدارەی گە‌رمیان لەسەر نامەی وازھێنانی قایمقامی قەزای کفری ئەمڕۆ (20/6/2017) بەڕێز قایمقامی قەزای کفری نامەی وازھێنانی ئاراستەی بەڕێز سەرپەرشتیاری
 ئیدارەی گەرمیان کردووە ئێمە لە ئیدارەی گەرمیان دەربارەی ناوەڕۆکی نامەکە ئەم خاڵانەی لای خوارەوە دەخەینەڕوو.

1. دەقی وازھێنانەکەی بەڕێز قایمقامی قەزای کفری، پێش گەیشتنی بە بەڕٍێز سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، لە راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە کە ئەمەش مایەی سەرسوڕمانە و پێچەوانەی رێوشوێنە ئیدارییەکانە.
2. پێویستە خەڵکی کفری و گەرمیان بزانن وازھێنانی بەڕێز قایمقامی قەزای کفری پەیوەندی بەو پرۆژانەوە نیە کە لەسەر بڕیاری بەڕێز(قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆکی حکومەت بەگەڕخراونەتەوە، ئەوەندەی پەیوەندی بە داواکاری کەسی و تایبەتەوە ھەیە، بەجۆرێک بەڕێزی داوای کردووە بکرێت بە جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەکاتێکدا جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان دەوامی ئاسایی خۆی کردووە و بەردەوامە لە کارەکەی.

3.دەربارەی تەرخانکردنی بودجەی (24) ملیار دینار بۆ پرۆژەکانی گەرمیان و کەمی بەشی کفری لەو بودجەیە ھەروەھا پشتگوێخستنی فەرمانگەکانی کفری کە لە دەقی وازھێنانەکەی بەڕێز قایمقامی قەزای کفری ھاتووە، ئەمە تۆمەتێکی بێ بنەمایە چونکە ھیچ بڕە پارەیەک بۆ ھیچ پرۆژەیەکی نوێ تەرخان نەکراوە بەڵکو ئەوەی ھەیە بەگەڕخستنەوەی ژمارەیەک پرۆژەی راوەستاوە کە پێشتر بودجەیان بۆ تەرخانکراوەو تێچووەکەی نزیکەی 24 ملیارە دینارە و لە کاتی خۆیدا ھەموو ووردەکارییەکان دەخەینەڕوو.

راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی گەرمیان
                 20/6/2017           




PM:02:59:20/06/2017