مەریوانی وریا قانع: بەبێ چاخانە سلێمانی دەبێت بە سەحرا

رۆشنبیری ناسراوی کورد د. مەریوان وریا قانع لەسەر سلێمانی و چاخانەکانی دەدوێت و دەڵێت" سلێمانی چاخانەکانی لێبسێنرێتەوە دەبێت بە سەحرا".

مەریوان وریا قانع لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک  بە ناونیشانی " سلێمانی و چاخانەکانی " کە زیاتر سروشتی رۆژنامەنووسی هەیە، بڵاوکردۆتەوە دەڵێت " یەکێک لە جوانییەکانی شاری سلێمانی بوونی ئەو ژمارە زۆرە لە چاخانەی بچووک و سادە و چەپەکە، کە لە زۆر شوێنی جیاواز و زۆر پێگەی تایبەتی ئەم شارەدا ئامادەیە. سلێمانی شاری چاخانەیە".

لەو نووسینەدا ئەو نووسەرە دەڵێت" مرۆڤ لەم چاخانانەدا ھەمیشە کەسێک یان بابەتێک ئەدۆزێتەوە قسەی لەگەڵ و دەربارە بکات. لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە ئەم چاخانانە شوێنی گرنگی بەیەکگەیشتن و دانیشتن و گفتوگۆکردنی کەسانی جۆربەجۆرن لەگەڵ یەکدا. شوێنی گۆڕینەوەی زمان و باس و خواس و بەسەرھاتن. بەزۆر مانا بەشێکن لەو ڕووبەرە تایبەتەی ھابرماز لەیەکێک لە کتێبە گرنگەکانیدا ناوی ”ڕووبەری گشتیی" لێدەنێت".

دەقی نووسینەکە
سلێمانی و چاخانەکانی
یەکێک لە جوانییەکانی شاری سلێمانی بوونی ئەو ژمارە زۆرە لە چاخانەی بچووک و سادە و چەپەکە، کە لە زۆر شوێنی جیاواز و زۆر پێگەی تایبەتی ئەم شارەدا ئامادەیە. سلێمانی شاری چاخانەیە، چاخانەی بچووک و سادە کە وەک قارچکی کێوی بەناو لەشی ئەو شارەدا بڵاوبوونەتەوە، لەشێک بەردەوام لە کشان و گەورەبووندایە و لە ئێستاشدا سنوورێکی دیار لەئارادانییە بۆ ڕاوەستان و پشوودانی. لەم شارەدا، لەسەر شەقامە گشتییەکانی، لەپاڵ فولکە و گۆڕەپانە گەورەکانیدا، لەناو قەیسەریی و بازڕاە کۆنەکانی شاردا، لە نزیک مزگەوتەکان و لەپاڵ باخچەکانیدا، لەزۆر شوێنی چاوەڕواننەکراودا مرۆڤ چەندان چاخانە دەدۆزێتەوە کە دەکرێت تیایاندا دابنیشێت و پشوویەک بدات، چایەک و پەرداخێک ئاو بخواتەوە، لەگەڵ دۆست و ھاوڕێکانیدا، یان لەگەڵ ھەندێک لەوانەدا کە بەڕێکەوت لەو ساتەدا و لە شوێنەدا ئامادەن، بدوێت. مرۆڤ لەم چاخانانەدا ھەمیشە کەسێک یان بابەتێک ئەدۆزێتەوە قسەی لەگەڵ و دەربارە بکات. لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە ئەم چاخانانە شوێنی گرنگی بەیەکگەیشتن و دانیشتن و گفتوگۆکردنی کەسانی جۆربەجۆرن لەگەڵ یەکدا. شوێنی گۆڕینەوەی زمان و باس و خواس و بەسەرھاتن. بەزۆر مانا بەشێکن لەو ڕووبەرە تایبەتەی ھابرماز لەیەکێک لە کتێبە گرنگەکانیدا ناوی ”ڕووبەری گشتیی" لێدەنێت. ڕووبەرێک کە ھەم ئەرکی کۆمەڵایەتیی و سایکۆلۆژیی و ھەم ئەرکی سیاسیی و فەرھەنگیی جیاواز لەژیانی گشتیدا دەبینێت. 
ئەم وێنەیە وێنەی یەکێک لەو چاخانانەی ناو سلێمانییە و لە دواھەمین سەفەرەمدا گیراوە. لە وێنەکەدا کاک رەوف بێگەرد و ڕێبین ھەردیی و خالید سلێمان و ئاسۆس ھەردیی و ئارام عەلی و ئارس فەتاح و من دەبینرێن. بەدەم چا خواردنەوەوە باسی کوردبوون و نووسین و غوربەت و سیاسەت و پیربوونمان دەکرد. لە سلێمانی جاران و سلێمانی ئێستا و سلێمانی ئایندە دەدواین، باسی خۆمانمان دەکرد کە منداڵبووین و لەناو جوگرافیای ئەو شارەدا دەجوڵاین. باسی خەم و ترس و چاوەڕوانییەکانی خۆمانمان دەکرد، ھەم خەممان دەخوارد و ھەم پێشدەکەنین. 
ئەگەر ھەر شارێک لەڕێگای شوێنێک یان کۆمەڵە شوێنی تایبەتەوە بناسرێتەوە، ئەوا سلێمانی بە چاخانەکانیدا دەناسرێتەوە، بە چاخانە بچووک و سادە و قەشەنگەکانی، چاخانە پڕلە حیکایەت و باس و خواس و مرۆڤە پاکەکانی. سلێمانی چاخانەکانی لێبسێنرێتەوە دەبێت بە سەحرا.



PM:08:20:13/07/2017