٢٨ تانکەری بەنزینی خراپ ئەودیوی ئێران کرانەوە

سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سامانە سروشتیەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیاند" لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا توانراوە 28 تانكەری بەنزینی خراپ بگەڕێننەوە بۆ وڵاتی ئیران".
 دڵنیایش دەداتە هاوڵاتیان، كە شەو و ڕۆژ كاردەكەن لەگەڵ لیژنە پەیوەندیدارەكان بۆ نەهاتنە ناوەوەی بەنزینی خراپ بۆ پارێزگای سلێمانی.

غالب محەمەد عەلی، سەرۆكی لیژنەی وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەهەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندووە" دوێنێ لە كاتژمێر 6ی ئێوارەوە تا 4ی بەرەبەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوبەری خاڵی سنور و گومركی باشماخ و بەڕێوبەرایەتی گشتی نەوت و كانزای سلێمانی توانیمان زیاتر لە (70) تەنكەری بەنزین، كە لەلایەن پێنج كۆمپانیاوە هاوردە كرابوو لەمەرزی باشماخ پشكنینیان بۆ بكەین".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەن کە لەسەر لسیتی گۆڕانە دەڵێت "لەو ژماریەش دەست بەسەر (28) تەنكەردا گیرا، كە (RVP) بەرزبوو ئەمەش وایكرد كوالێتی بەنزینەكەی خراپ بێت، ڕادەستی گومركی باشماخ دەكرێت بۆ گەڕانەوەیان بۆ وڵاتی ئێران، كە بە ترانزێت هاتووە".

غالب محەمەد دڵنیاییشی داوەتە هاوڵاتیان، شەو و ڕۆژ كاردەكەین لەگەڵ لیژنە پەیوەندیدارەكان بۆ نەهاتنە ناوەوەی بەنزینی خراپ.



PM:07:19:16/07/2017