دارایی هۆكاری بڵاونەكردنەوەی تەواوی خشتەی موچە ئاشكرا دەكات

سەرباری راگەیاندنی وادەی دابەشكردنی موچەی مانگی پێنج، بەڵام وەزارەتی دارایی هاوشێوەی مانگەكانی تر، خشتەی دابەشكردنی موچەی سەرجەم وەزارەتەكانی بڵاونەكردەوە، بریكاری وەزارەتەكەش هۆكارەكەی بۆ نەبوونی پارەی پێویست دەگەڕێنێتەوە.

ئەمڕۆ 16ی تەمموز، ڕابەر سدیق بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابوری بەوەكالەت، لەگەڵ بەڕێوەبەرانی گشتی خانەنشینی پارێزگاكان كۆبووەتەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیاریەکان ڕابەر سدیق لە كۆبوونەوەكەدا ڕونكردنەوەی سەبارەت بەبڵاونەكردنەوەی خشتەی موچەی مانگی ئایار داوە و رایگەیاندووە كە بەهۆی بەردەستنەبوونی پارەی پێویست، نەتوانراوە بەهەمان شێوەی مانگەكانی ڕابردوو لەخشتەیەكدا وادەی دابەشكردنی موچەی سەرجەم وەزارەتەكان ڕابگەیەنن.

زانیاریەکان باس لەوەشدەکەن وەزارەتی دارایی بەڕەسمی خشتەیەكی نوێی موچە بڵاودەكاتەوە، بڵاوكردنەوەی ئەو خشتەیەش پەیوەستە بەو بڕە پارەیەی لەبەردەستی وەزارەتدایە، بەڵام لەدوو ڕۆژی داهاتوودا چاوەڕواندەكرێت خشتە نوێیەكە ڕابگەیەندرێت.

زانیاریەکان ئاماژە بەوە دەکەن وەزارەتی دارایی بڕیاریداوە لەمەودوا لە 15-16ی مانگەوە دەست بەدابەشكردنی موچە بكرێت و تا كۆتایی مانگیش تەواوی دامودەزگاكان موچەیان پێبدرێت.

ئەوە لەکاتێکدایە لە مانگەکانی ڕابردوودا 8ـ10ی هەموو مانگێک خشتەی موچەی سەرجەم وەزارەتەکان بڵاودەکرایەوە.

ئەمڕۆ 16ی تەمموز، وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم، لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە وێنەیەكی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە، ئاشكرایكردووە كە سبەینێ دوشەممە 17ی تەمموزی 2017، دەست بەدابەشكردنی موچەی مانگی ئایار دەكرێت و سەرەتاش موچەی دیوانی وەزارەتی پێشمەرگەو و لیواكانی سەر بەو وەزارەتە دابەشدەكرێت



PM:10:17:16/07/2017