بەرپرسێکی یەکێتی: عاقیبەتمان خێر نابێت

دوای لێدوانەکانی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا لەبارەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە بەرپرسێکی پەیوەندییەکانی یەکێتی داوادەکات ئاگادارکردنەوەکانی ئەمریکا بەهەند وەربگیرێت و ڕایدەگەیەنێت، "عاقیبەتمان خێر نابێت".

سەعدون فەیلی، بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانیەکانی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لەبەغدا بە ماڵپەڕی SNNی ڕاگەیاندووە "ئەگەر کورد ئاگادارکردنەوەکانی ئەمریکا بەھەند وەرنەگرێت، ئەوە عاقیبەتی خێر نابێت".

وتیشی "دڵی دۆستێکی بەھێزی وەک ئەمریکا بڕەنجێنی، بێگومان ئەویش دەیان ئامرازی ھەیە کە لەدژت بەکاریبھێنێت".

بەوتەی سەعدون فەیلی، دەبێت ناوەندی بڕیار لەکوردستان بەبڕیارەکەیاندا سەبارەت بەئەنجامدانی ڕیفراندۆم بچنەوەو دیراسەی زیاتری بکەن، "نەوەک دواتر وەکو دەڵێن (بۆ ڕیشی چوو، سمێڵیشی نایەسەری".

بەرپرسەکەی یەکێتیی ئەوەشی ڕاگەیاند، "ئێستا ئەولەویەتی کارەکانی ئەمریکا لەعیراق بریتیە لە لەناوبردنی داعش و گەڕانەوەی ئاوارەکان و ئاوەدانکردنەوەی عیراق، بۆیە نایانەوێت ئەجێندای دیکەو پرۆسەی سیاسی نوێ ببێتە بەربەست لەبەردەم کارەکانیان".

لەماوەی تەنھا دوو ڕۆژی یەک لەدوای یەکدا، ئیدارەی ئەمریکا لەزاری دوو بەرپرسی باڵایەوە، ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکەی باشوری کوردستانی ڕەتکردەوە.

ڕۆژی ھەینی ڕابردووش (١٤ی تەمووز)، جۆزیف بنکنتۆن جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوا ھەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە ڕیفراندۆمەکەی کوردستان راگەیاندو وتی "ئێستا کاتی ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیە نییە".



PM:04:18:21/07/2017