هەفتەی داهاتوو پارەی گەنمی جوتیاران دابەشدەکرێت

سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر خەرجکردنی پارەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و بڕیارە پارەکەش هەفتەی ئایندە خەرجبکرێت.

نەجیبە نەجیب، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانتاری عێراق بە ڕووداوی وتووە، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە.

ئەو پەرلەمانتارە کوردەی عێراق وتووشیەتی "وەزیری بازرگانی عێراق پەیوەندی پێوەکردووم و وتی، رەزامەندییەکەی حەیدەر عەبادی گەیشتووەتە وەزارەت و هەفتەی داهاتوو دەست بە خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکەین".

ئەمەش لە کاتێکدا دێت حکومەتی عێراق پارەی سێ ساڵی ڕابردووی گەنمی جوتیاران قەرزارە و تەنها بەشێکی کەمی دابەشکردووە.



PM:05:53:02/08/2017