فراکسیۆنی پارتی داوای تەوافق دەکات

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا داوای کارکردنەوەی پەرلەمان و پەیڕەوکردنی سیستەمی تەوافق دەکەن.

لەو راگەیاندراوەدا کە ئەمڕۆ ٥ ی تەموز بڵاوکرایەوە، فراکسیۆنی پارتی دەڵێن" پێشوازی لە هەوڵەکانی دەست بەکارکردنەوەی پەرلەمان و چارەسەرکردنی کێشە یاسایی و سیاسیەکان دەکەین و هیواخوازین لە چوارچێوەی تەوافق و سازانی سیاسی سەرجەم کێشەکان لە سەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکرێن".


ده‌قی راگه‌یانراوه‌كه‌ی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان:
 
لە کاتێکدا کوردستان بەرەو قۆناغێکی هەستیار هەنگاو دەنێت و گەلی کوردستان بۆ یەکەمین جار لە مێژووی خۆی بە ئازادی پیادەی مافی چارەی خۆنووسین دەکات لە رێگای راپرسیەکی گشتی، ئەمەش ئاواتی لە مێژینەی گەلەکەمانە و بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خۆراگری پێشمەرگە قارەمانەکانە. 
 
بۆیە ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر یەکڕیزی و تەبایی هێزە سیاسیەکان پێویستە و دەبێ ناکۆکی و جیاوازیەکان وەلا بنرێت و لە چوار چێوەی ستراتیژێکی نیشتمانی سەرووی بەرژەوەندی حزبی و سیاسی، خۆمان رێک خەینەوە.
 
هەر لەم سۆنگەیەشەوە ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە هەوڵەکانی دەست بەکارکردنەوەی پەرلەمان و چارەسەرکردنی کێشە یاسایی و سیاسیەکان دەکەین و هیواخوازین لە چوارچێوەی تەوافق و سازانی سیاسی سەرجەم کێشەکان لە سەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکرێن. پەرلەمانی کوردستانیش لە زووترین کات دەست بە کۆبوونەوەکانی بکاتەوە و پاڵپشتی ریفراندۆم و ژیان و گوزەران و مووچەی خەڵکی کوردستان و چارەنووسی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پێشینەی بەرنامەی کار دابێت و هەموومان بە یەکەوە لەم ماوە کورتەی لە بەردەستمان ماوە بەرژەوەندی هاوڵاتیان بکەینە ئامانج و بە یەکەوەش خۆمان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم ئامادە بکەین. 
 
دڵنیاین لە سایەی یەکڕێزی و یەکبوونی نێو ماڵی کوردستان ئاسۆیەکی رووناک و پڕشنگدار چاوەڕوانمانە.
        
 
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان
                ٥/٨/٢٠١٧



PM:12:17:05/08/2017