نوێترین زانیاری لەسەر موچەی مانگی شەش

چاوەڕوان دەکرێت وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەفتەی داهاتوودا، کاروبارەکانی دابەشکردنی مووچەی مانگی 6ی فەرمانبەران دەست پێبکات.

ماڵپەڕی (باسنیوز)ی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان لە زاری سەرچاوەیەکی ناو وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە بڵاویکردۆتەوە، تاوەکوو ئێستا، وەزارەتی دارایی داوای لە وەزارەتی پێشمەرگە نەکردووە، لیستی مووچەی مانگی 6ی دیوانی وەزارەت و لیواکانی بۆ وردبینیکردن ڕەوانە بکات.

سەرچاوەکە ئەوەشی ڕوون کردۆتەوە کە ڕۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە 9/8/2017،  دابەشکردنی مووچەی مانگی 5 بە یەکجاری کۆتایی دێت، بۆیە ئەگەر هەیە کە لە هەفتەی داهاتوودا داوای لیستی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە بکرێت و لە دوو ڕۆژدا کاری وردبینی لەسەر لیستەکە کۆتایی پێ بهێندرێت، دواتریش خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 6ی فەرمانبەران بڵاو بکرێتەوە.

جەختیشی لەوە کردەوە کە هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو، لە ناوەڕاستی مانگەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت و تا کۆتایی مانگ، مووچەی زۆربەی وەزارەت و دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بڕیارە بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ کێشەی مووچەی فەرمانبەران، حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کۆببنەوە.



PM:09:19:07/08/2017