کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی کۆتاییهات


کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی کۆتایی هات و لە پرێس کۆنفرانسێکدا لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یەکێتی ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی یەکێتی و پارتیدا باس لە پەیوەندییەکانی ئەو دوو حزبە کراوە.

مەلابەختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی وتیشی "یەکێتی و پارتی باسیان لە پەیوەندییەکانیان کرد و دۆخی ڕێککەوتنی ستراتیژیمان تاوتوێکرد و پێمان وایە یەکێتی و پارتی دەبێت ڕێیککەوتنی دیکە بکەن".

وتیشی "ئەو ڕێککەوتنە لەسەر حسابی هیچ لایەنێکی دیکە نابێت".

لەسەر دۆخی سیاسی هەرێم مەلا بەختیار وتی "لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵ و لایەنەکانی دیکە هەوڵدەدەین بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و ئەو هەوڵەش چەند قۆناغێکی بڕیووە".

لەبارەی ڕیفراندۆمەوە ئەو بەرپرسەی یەکێتی وتی "چەندین وەفد لە لایەنەکان پێکدێت بۆ سەردانیکردنی وڵاتان و پەیامی کورد دەداتە ئەو وڵاتانە، بەهەمان شێوەیەش پەیامی هەرێم و بەغدا ئاڵوگۆڕ دەکرێت".

مەلا بەختیار ئاماژەی بەوشکرد، وەک یەکێتی مۆڵەتیان دەوێت تا بۆچوونی خۆیان لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمانەوە ئاشکرا دەکەن.

هاوکات نێچیرڤان بارزانی لە پرێس کۆنفرانسەکەدا لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوساندا ڕایگەیاند "تەئکید لەوە دەکەینەوە کە چەند جارێکی دیکەش باسمان کردووە کە کاتێک وەزعی حکومەت باش بێت، پێداچوونەوە بە مووچەدا دەکەین".


وتیشی، لیژنەیان دروستکردووە و خەریکین پێداچوونەوە دەکەن بە سیستمەکەدا و ئەوەشی وت کە "پێویستمان بەوەیە سیستمێکی مووچەمان هەبێت تایبەت بێت بە هەرێم و جیاواز بێت لەوەی لە بەغدا هەیە، بەڵام تائێستا ئەوە یەکلایی نەبووەتەوە".


PM:06:26:08/08/2017