"نرخی ئەمپێڕێک کارەبا دەگاتە 20 هەزار"

سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند نرخی كارەبای موەلیدە ئەهلییەكان بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی گازوایک بەرزدەبێتەوە، بەجۆرێك رەنگە نرخی یەك ئەمپێر كارەبا بگاتە 20هەزار دینار.


د.غالب محەمەد سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی وتووە لەئێستادا هەردوو پاڵاوگەی بازیان و كەڵەك رێكككەوتنیان لەگەڵ حكومەتی عیراق كردووە، بەدابینكردنی گازوایل بۆ كارپێكردنی (15)تۆرباینی وێستگەی ئەحمەد ئیسماعیل، بەمەبەستی دابینكردنی كارەبا بۆ موسڵ و ناوچە رزگاركراوەكان كە كارەبایان نییە.

ڕاشیگەیاند"هەردوو پاڵاوگەی بازیان و كەڵەك رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی دوو بۆ دوو ملیۆن و 500 هەزار لیتر گازوایلیان هەیە، پێشتر ئەو گازوایلە دەخرایە بازاڕەوەو تاڕادەیەك كێشەیەكی ئەوتۆ نەبوو، بەڵام لەئێستادا ئەگەر گازوایلیش بێتەبازاڕەوە ئەو دوو كۆمپانیایە خەزنی دەكەن بۆكارپێكردنی وێستگەكانی كارەبا، لەكاتێكدا كارەباكەشی بۆ ئێمە نییە".

ڕوونیشی کردووەتەوە"ئەمە وایكردووە گازوایل لەبازاڕدا نرخەكەی گران بێت، گرانبوونی گازوایلیش دەبێتەهۆی گرانبوونی نرخی شتومەك و كارەبای موەلیدە ئەهلییەكان، چونكە ئۆتۆمبێلە بارهەرڵگرەكان و موەلیدەكان گازوایل بەكاردەهێنن".

هێمای بۆ ئەوەشکرد"لەماوەی دوو رۆژدا تۆنێك گاز، (150 بۆ 200) دۆلاری چۆتەسەر، ئەمەش وادەكات نرخی ئەمپێرێك كارەبای موەلیدە بگاتە (20) هەزار دینار".



PM:04:45:09/08/2017