كۆمسیۆن وەڵامی‌ بارزانی‌ دایەوە

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لەهەرێم وەڵامی فەرمانەكەی بارزانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێمی دایەوە و بڕیاریدا ئەو دوو هەڵبژاردنە لەوادەی دیاریكراوی خۆی ئەنجامبدرێت.

بەگوێرەی‌ ئەو زانیاریانەی‌ لەكۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لەهەرێمەوە دەستی "سپی میدیا" كەوتووە "ئەمڕۆ 14ی ئابی 2017، ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی لەهەرێم كۆبوونەوە و وەڵامی فەرمانەكەی بارزانیان دایەوە كە لەڕێكەوتی 12ی تەمووزی 2017 ئاڕاستەی كۆمسیۆنی كردبوو، بە مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێم لە 1ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ".

هەر بەپێی زانیاریەكان كۆمسیۆن بڕیاریدا هەردوو هەڵبژاردنەكە لەوادەی دیاریكراوی خۆی بكرێت و ئامادەیی خۆی پیشانداوە بۆ ئامادەكاری بۆ هەردوو هەڵبژاردنەكە.

لە هەفتەی ڕابردوودا "سپی" وەك یەكەم دەزگای میدیایی ئەوەی ئاشكراكرد كە كۆمیسیۆن ڕەزامەندبووە بەو وادەیەی لەلایەن بارزالنیەوە بۆ هەڵبژاردنەكان دیاریكراوە و بە ئەرێنی وەڵامی بارزانی دەدەنەوە.



PM:02:36:14/08/2017