ئاگادارییەک بۆ خوێندکارانی ١٢ی ئامادەیی

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، کە داواکاری بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکوومییەکان بە سیستەمی ڕاستەوخۆی زانکۆی لە 377 بەش و کۆلێژی زانکۆ و پەیمانگەکانی ھەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووە "دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو، بە سەرکەووتوویی توانرا سیستەمی وەرگرتنی ڕاستەوخۆی زانکۆیی جێبەجێ بکرێت، بۆیە وەزارەتەکەمان بڕیاری فراوانکردنی ئەو سیستەمەی داوە، بۆ ئەمساڵی خوێندن 377 بەشی زانستی بە سیستەمی وەرگرتنی ڕاستەخۆی زانکۆیی قوتابی وەردەگرن".

عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایگەیاندکە جگە لە کۆلێژەکانی کۆمەڵەی پزیشکی، ئەندازیاری، بەشی یاسا، بەشەکانی زیندەوەرزانی، کیمیا و کۆمپیوتەر لە کۆلێژەکانی زانست، بەشی زمانی ئینگلیزی لە کۆلێژ و سکووڵەکانی زمان و زانستە مرۆڤایەتییەکان و ئەدەبیات کە وەک ساڵانی پێشوو لە ڕێگەی (زانکۆلاین) قوتابییان دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن، کە دواتر لەلایەن وەزارەتەوە کاتی کارابوونی ڕادەگەیەنرێت.

ڕوونیشی کردووەتەوە، کە لە وەرگرتنی ڕاستەوخۆی زانکۆیی ڕێژەی (%30)ی کۆنمرە بۆ تاقیکردنەوەی بەش، یان کۆلێژە دەبێت، ھەروەھا ڕێژەی (%70)ی کۆنمرەی پۆلی دوانزەی ئامادەیی ھەژمار دەکرێت.

باسی لەوەشکردووە "لە ئەمڕۆوە 15/8/2017، داواکاری بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکوومییەکان، بە سیستمی ڕاستەوخۆی زانکۆی دەست پێ دەکات، داواکاریی ڕاستەخۆ لە تۆماری کۆلێژ/ پەیمانگە دەبێت و قوتابییان دەتوانن سەردانی ئەو کۆلێژ و پەیمانگەیانە بکەن، کە ئارەزووی دەکەن".

وتەبێژەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا وتووشیەتی کە لە یەک کاتدا قوتابییان دەتوانن داواکاری بۆ سێ بەشی جیا پێشکەش بکەن، لە ھەمان کاتیشدا ئەو قوتابییانەی کە تاقیکردنەوەیان بۆ خولی دووەم ماوە، بە ھەمان شێوە دەتوانن فۆرمی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەدەست بھێنن، ھەروەھا لە ھەموو زانکۆکان ئامادەکاریی تەواو بۆ پێشوازیکردن لە قوتابییان کراوە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا کە وێنەیەکی بۆ سپی هاتووە عەباس ئەکرەم ڕوونیشی کردووەتەوە "بۆ ساڵی خوێندنی (2017-2018) وەزارەتەکەمان پلان و بەرنامەی تازەیی بە ئاراستەی بەرەوپێشبردنی ڕەوتی خوێندن لە ھەرێمی کوردستان و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی قوتابییان و کوالێتیی خوێندن داڕشت، ھەروەھا مەرج و ڕێنماییەکانی وەرگرتنی لە زانکۆ و پەیمانگە حکوومییەکانی ھەرێمی کوردستان دەرکرد".



PM:04:08:15/08/2017