وەزارەتی دارایی پاداشتێكی مانگانە دەداتە فەرمانبەرانی باج

وەزارەتی دارایی پارەیەكی مانگانە بە ناوی پاداشت دەداتە فەرمانبەرانی باج لە پارێزگا و شارو  قەزاكاندا و بڕەکەشی دیاری دەکات.

كەمال وەرتێ بەڕێوەبەری گشتیی باج لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی (باس)ی راگەیاندووە پێشووتر پاداشتێك سێ مانگ جارێك بۆ فەرمانبەرانی باجەكان هەبوو، بەڵام ئێستا كراوەتە مانگانە و ڕایگەیاند "بەهۆی ئەوەی فەرمانبەرانی باج هیچ دەرماڵەیەكی تایبەتیان نەبوو بۆ نمونە هاوشێوەی دەرماڵەی گومرگەكان هیچ ئیمتیاز و دەرماڵە و پاداشتێكیان نەبوو، بۆیە وەزارەتی دارایی بڕیاریداوە مانگانە پاداشتێكی دیاریكراو بدرێتە فەرمانبەرانی باجەكان".

ئاماژەی بەوەشدا ئەو پارەی دەدرێتە فەرمانبەرانی باج لەسەر داهاتی باج دەبێت، وتی: ئەو پارەی دەدرێت پەیوەندی بە مووچەوە نیە بەڵكو سەری مانگان دەدرێتە فەرمانبەرەكان.

لە بارەی بڕە پارەكەوە ئاشکرایکرد پاداشتەكە مانگانە لە 100 هەزار دینار كەمتر نیە و لە 350 هەزار دیناریش زیاتر نیە، كە زیاتر ئەو بڕە پارەیە واتا 350 هەزار دینارەكە بۆ بەرێوەبەری باجی پارێزگاكانە،خوارتر لەو پارەیە بۆ فەرمانبەران و لیژنە تایبەتەكان دەبێت بە بڕی جیاواز.

بەڕێوەبەری گشتیی باج جەختی كردەوە پێدانی ئەو پارەیە بەهۆی زۆری كارەكانی ئەو فەرمانبەرانە و كۆكردنەوەی داهاتە بۆ حكوومەت، وتیشی: نادادپەروەریەكی زۆر هەبوو لەو فەرمانگانەی كە داهات بۆ حكوومەت كۆدەكەنەوە، لە هەموو دونیاش ئیمتیازی ئەو فەرمانبەرانە زیاترە كە داهات بۆ حكوومەت كۆدەكەنەوە بۆیە حكوومەت بڕیاری پێدانی ئەو پاداشتەی دەركردووە كە بەراورد بە قەیرانەكە شتێكی باشە ئەگەرچی لە ئاستی خواستەكانی ئێمە نیە.

جەخت دەكاتەوە ئەو بڕیارە هەموو فەرمانبەرانی باج لە پارێزگا و  قەزاكان دەگرێتەوە لە باجی خانووبەرە و باجی دەرامەت و باجی خانووبەرەی میری دەگرێتەوە، وتیشی: وێرای ئەوەی هەموو فەرمانبەرانی باج دەگرێتەوە فەرمانبەرانی بەرێوەبەرایەتی گشتی باجیشی گرتۆتەوە چونكە ئەوانیش كاری باج و كۆكۆدنەوەی دەكەن.

باج كە دووەم  سەرچاوەیی كۆكردنەوەی داهاتە لە وەزارەتی دارایی، ساڵانە لە نێوانی 100 بۆ 200 ملیار دینارە و بەرپرسانیش ئاماژە بەوە دەكەن ئەمساڵ داهاتەكە تاوەكو مانگی 5 گەیشتۆتە 92 ملیار دینار.



AM:11:20:16/08/2017